جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق، قۆناغی یەکەمی قەرەبووکردنەوەی خێزانە ڕاگوێزراوە کوردەکان دەستی پێ کردووە و لەم قۆناغەدا 200 خێزان قەرەبوو وەردەگرن.
سیروان ڕۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا، بە کارزان کاکل پەیامنێری (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەستی پێ کردووە و ناوی 200 خێزانی کوردی ڕاگوێزراو بۆ وەرگرتنی قەرەبوو گەڕاوەتەوە.
ڕۆژبەیانی ڕوونی کردەوە: "ئەمڕۆ لە نووسینگەی ماددەی 140 لە نەینەوا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکمان کرد بۆ وەرگرتنی قەرەبووی دارایی بە بڕی 10 ملیۆن دینار بۆ هەر خێزانێکی کوردی ڕاگوێزراو، کە لە قۆناغی یەکەمدا 200 ناو دەگرێتەوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە بەشێک لەو ناوانە، هاووڵاتییانی سنووری قەزای مەخموورن و گوتیشی: "لە ئاییندەیەکی نزیکدا و دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، هاووڵاتییان دەتوانن ئەو بڕە پارەیە وەربگرن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.