Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 19:11

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: ڕێگا نادەین دەستدرێژی بکرێتە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت

کوردستان TV
100%

وەزارەتی ناوخۆی عێراق هێرشی گرووپێکی چەکدار بۆ سەر فەرمانگەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵی ئیدانە کرد و جەختی کردەوە ڕێگا بە هێچ دەستدرێژییەک بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت نادەن و شکۆی دەوڵەت و سەروەریی یاسا بە هێڵی سوور دەزانن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی تەمووزی 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامیەک ڕایگەیاند: یەکێک لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە لای کەرخ، بەیانیی ئەمڕۆ، هاوکات لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەرێکی نوێ لە فەرمانگەکەدا و لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی کارگێڕیدا، کەوتە بەر هێرشی گروپێکی چەکدار؛ ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو فەرمانبەراندا، کە دەستبەجێ داوای یارمەتییان لە هێزە ئەمنییەکان کرد".

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە مەفرەزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و هێزەکانی فریاکەوتنی کەرخ بەپەلە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە بەڵام لە لایەن چەکدارەکانەوە دەسڕێژیان لێ کرا و ئەمەش بووە هۆی بەرینداربوونی ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەند.

وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ پێنج کەس لەو چەکدارە هێرشبەرانە دەستبەسەر کراون و بۆ بەدواداچوونی تاوانبارەکانی تر و هێنانیان بۆ بەردەم دادگا، ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی چڕوپڕ بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی فەرماندە باڵاکان، لە ناوچەکە بەردەوامە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ئاماژەکردن بەوەی دەزگاکانی ئەم وەزارەتە سڵ ناکەنەوە لە هیچ لایەنێک کە هەوڵی سەپاندنی ئەمری واقیع بدات یا هەڕەشە لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بکات، جەختی کردووەتەوە ڕێگە بە هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت یان هەڕەشەکردن لە دەسەڵاتی یاسا نادات و شکۆی دەوڵەت و سەروەریی یاسا بە هێڵێکی سوور دادەنێت کە نابێت دەستکاری بکرێت.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.