Erbil 31°C سێشەممە 18 ئاب 09:03

ترەمپ ئاماژە بە دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ کیم جۆنگ ئون دەدات و سزای کۆریای باشوور دەدات

100%

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور وەڵامی دوایین دەستپێشخەرییەکانی داوەتەوە. ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای بڕیارێکی کتوپڕی دێت بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکان لەگەڵ کۆریای باشوور.

لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ترەمپ جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون دۆخی جیهانی "زۆر ئارامتر" کردووە. کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا کیم وەڵامی داوەتەوە، گوتی: "بەڵێ، وەڵامی داوەتەوە و پڕۆسەکە زۆر ئەرێنییە." ترەمپ گوتیشی: "من لە ئەو تێدەگەم و ئەویش لە من تێدەگات، ئەو هەمیشە بە ڕێزێکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ کردووم."

سەرۆکی ئەمریکا بە توندی ڕەخنەی لە کۆریای باشوور گرت و بڕیاری دا قەبارەی مانۆڕە سەربازییە ساڵانەکان کەم بکاتەوە، کە بە "ناپێویست و دوژمنکارانە" وەسفی کردن. ترەمپ ئەم بڕیارەی بەستەوە بەوەی کە سێئول ئامادە نییە هاوکاریی واشنتن بکات لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.

دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئێمە 39,000 سەربازمان لەوێ جێگیر کردووە بۆ ئەوەی پاریزگاریتان لێ بکەن، کەچی ئێوە ئامادە نین لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی زۆر ئاسان لە ئێران هاوکاریمان بکەن، ئەمە زۆر سەیرە!"

لەلایەکی دیکەوە، دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا ئەم هەنگاوەی ترەمپیان بە "پێکەنیناوی" وەسف کرد. جاک ڕید، ئەندامی باڵای لێژنەی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند، کە ڕووسیا و چین چاودێری ئەوە دەکەن کە چۆن ترەمپ بە ئاسانی پشت لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەکات، گوتیشی: "ئەمە بڕیارێکی دیکەی بێسەروبەری ئیدارە پاشاگەردانییەکەی ترەمپە."

سەرەڕای بڕیارەکەی ترەمپ، مانۆڕە سەربازییەکانی "ئۆڵچی فریدۆم شێڵد" دەستیان پێکردووە و بڕیارە 11 ڕۆژ بەردەوام بن. ئەم مانۆڕانە لە کاتێکدایە کە کۆریای باکوور هاوکاریی سەربازیی ڕووسیا دەکات لە جەنگی ئۆکرانیا و بەم دواییانەش تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستی ئەنجامداوە، هۆشداریشی داوە کە وەڵامی ئەم مانۆڕانە بە ئاستێکی نوێ لە "بەرپەرچدانەوە" دەداتەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.