Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 20:52

ئاگر لە دارستانەکانی دوو گوندی قەرەداغ کەوتەوە

کوردستان TV
100%

لە سنووری قەزای قەرەداغ، دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و پووش و پاوانی گوندەکانی باخان و جافەران ڕوویان دا و بەهۆیانەوە زیاتر لە 10 دۆنم زەوی سووتا. پۆلیسی دارستان ڕایگەیاند کە ئاگرەکە بە هاوکاریی هاووڵاتییان و تیمەکانی بەرگریی شارستانی کۆنترۆڵ کراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی تەمووز، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە لە سنووری گوندەکانی باخان و جافەران لە قەزای قەرەداغ، دوو حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ڕوویان داوە.

بەپێی ڕاگەیێندراوەکە، هەر لەگەڵ گەیشتنی زانیاری، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستانی قەرەداغ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکان و بە هاوکاریی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی قەرەداغ و هاووڵاتییانی ژینگەدۆستی ناوچەکە، توانیویانە هەردوو ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

پۆلیسی دارستان ئاماژەی بەوەش داوە، بەپێی دەرەنجامە سەرەتاییەکان، مەزەندە دەکرێت لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکاندا زیاتر لە 10 دۆنم پووش و پاوان و دارستان سووتابن، هەروەها زیان بەر چەند ڕەز و باخێکی هاووڵاتییانیش کەوتووە.

لە کۆتاییی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکان بەردەوامە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.