بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کەمپی ئاوارەکانی بێرسڤێ-1 لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاگر لە دوو خێوەت کەوتەوە، بەرگریی شارستانیی زاخۆش ڕایگەیاند کە ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی زاخۆ لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە کاتژمێر 5:30ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاگادار کراونەتەوە لە کەوتنەوەی ئاگرێک لە دوو خێوەتی کەمپی بێرسڤێ-1 لە ناحیەی دەرکار.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستبەجێ تیمەکانی بنکەی بەرگریی شارستانیی دەرکار گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، توانیویانە ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن و ڕێگری بکەن لە تەشەنەسەندنی بۆ خێوەتەکانی دیکەی کەمپەکە.
بەرگریی شارستانیی زاخۆ جەختی لەوە کردەوە کە ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە و تەنیا زیانی ماددی بەر دوو خێوەتەکە کەوتووە. هاوکات لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستی پێ کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.