بەڕێوبەری گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن ڕایگەیاند بۆ ساڵی نوێی خوێندن تەنیا لە قوتابخانەکانی سابیس گۆڕانکاری لە جلوبەرگی قوتابیان دەکرێت.
ڕۆژی یەکشەممە، 27ـی تەمووز، حەسەن سەرتیپ جاف، بەڕێوبەری گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن، بە "دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی"ی ڕاگەیاند: ''بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026 جلوبەرگی قوتابیان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت و هەر وەکوو ساڵی پار دەبێت بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو گۆڕانکاریی تێدا دەکڕی ''.
حەسەن سەرتیپ جاف، ڕاشیگەیاند: تەنیا حەوت قوتابخانەی سابیس گۆڕانکاری لە جلوبەرگی خوێندیان کراوە ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی ئەم قوتابخانانە ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردە جلوبەرگەکانی دیزاین کردوون و نرخەکانیشیان بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزاندووە، بە هۆی باروودۆخی دارایی هاوڵاتیان.
بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە: جلوبەرگی منداڵانی باخچەی ساوایان، بۆ کچان کراسی پەمەیی لەگەڵ تەنوورە یان پانتۆڵی رەساسییە. بۆ کوڕانیش کراسی شین و پانتۆڵی رەساسییە. بەڵام یەکپۆشی بۆ جلوبەرگی منداڵانی باخچەی ساوایان ئاسایی دەبێت، چونکە منداڵانی باخچە بچووکن و چاوپۆشییان لێ دەکرێت.
هەروەها لە ناوەندەکانی خوێندن بۆ پۆلی 1 تاوەکو 6ـی بنەڕەتی، بۆ کوڕان پانتۆلی رەساسی لەگەڵ کراسی سپی دەبێت. بۆ کچانیش تەنوورەی رەساسی یان پانتۆڵی رەساسی لەگەڵ کراسی سپی دەبێت. بۆ پۆلەکانی 7، 8 و 9ـی بنەڕەتی، بۆ کوڕان پانتۆڵی نیلی لەگەڵ کراسی سپییە. بۆ کچانیش تەنوورەی نیلی یان پانتۆڵی نیلی لەگەڵ کراسی سپی بڕیاری لێ دراوە.
جلوبەرگی قۆناخی ئامادەیی 10، 11 و 12ـی وێژەیی لەگەڵ پیشەییەکان لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی، بۆ کچان تەنوورە یان پانتۆڵی رەش لەگەڵ کراسی سپییە، بۆ کوڕانیش پانتۆڵی رەش و کراسی سپی داواکراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.