ئەمڕۆ شەممە 26ی تهمووز، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری میسر و ئیمانوێل ماكرۆن سهرۆككۆماری فەرەنسا جەختیان لەسەر پێویستی گەیاندنی هاوكارییەكان بە غەزە و گەیشتن بە ئاگربەست كردەوە.
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتی میسر محەمەد شناوی لە بەیاننامەیەكدا دهڵێت : عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا پێگەیشتووه.
شناوی روونیشیكردەوە: له پەیوەندییە تەلەفۆنییهكهدا جەخت لە بەهێزی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان میسر و فەرەنسا كراوهتهوه، ئەمەش بۆ بەرزكردنەوەی هاریكاریی دووقۆڵیی لە بوارە جیاجیاكان، بەتایبەتی ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنان.
ئاماژەی بەوەشكردووه : لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەدا باس لە هەوڵە چڕەكانی نێوەندگیری میسر كراوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە كەرتی غەزە و ئاڵوگۆڕی بارمتە و دەستگیركراوەكان.
هەروەها جەخت لەسەر پێویستی گەیاندنی هاوكارییه مرۆییهكان بە خەڵكی كەرتی غەزە كرایەوە.
هەردوولا جەختیان لە پێویستی گەیشتن بە چارەسەرێكی دادپەروەرانە و هەمەلایەنە بۆ پرسی فەلەستین بەگوێرەی بڕیارنامەی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی كردووهتهوه.
لای خۆیەوە ماكرۆن پشتیوانی تەواوی وڵاتەكەی بۆ هەوڵەكانی میسر دووپات كردەوە، جگه لهوه عهبدولفهتاح سیسی پێشوازی خۆی بۆ راگەیاندنی ئەم دواییەی ماكرۆن سەبارەت بە نیازی فەرەنسا بۆ بە فەرمی راگهیاندنی دانپێدانانی فهرهنسا بۆ دەوڵەتی فەلەستین دهربڕی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.