یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی فیدراڵ بۆ قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە زانکۆ و پەیمانگاکان بە توندی سەركۆنە دەکات و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستوور و هەنگاوێکی ڕەگەزپەرستانەی ناوی دەبات. هەروەها ڕایانگەیاندووە، ئەگەر بڕیارەکە هەڵنەوەشێتەوە، لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "بەداخەوە پێشێلکردنی دەستوور لەلایەن کابینەکەی سوودانییەوە بەردەوامە و بە نووسراوێک وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی فیدراڵی عێراق، زمانی کوردی لە زانکۆ و پەیمانگا حكوومی و تایبەتەکان قەدەغە دەکات. ئەمە جگە لە ڕۆحییەتێکی ڕەگەزپەرستی و تێکدانی شیرازەی پێکەوەژیانی گەلانی عێراق، هیچی دیکە هەڵناگرێت".
یەکێتیی قوتابیان و لاوان جەختی لەوە کردووەتەوە کە بڕیارەکە پێچەوانەی ماددەی چواری دەستووری هەمیشەیی عێراقە، کە بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات زمانی کوردی و عەرەبی دوو زمانی فەرمی وڵاتن و مافی هاووڵاتییان بۆ فێرکردنی منداڵەکانیان بە زمانی دایکیان پارێزراوە.
هەروەها ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە شۆڤێنی ناودەبات و شەرمەزاری دەکات، داواش دەکات دەستبەجێ بڕیارەکە هەڵبوەشێنرێتەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای لێبووردن لە گەلی کوردستان بکات.
لە کۆتاییی بەیاننامەکەدا، یەکێتیی قوتابیان و لاوان هۆشداری دەدات کە ئەگەر بڕیارەکە پاشگەزبوونەوەی لێ نەکرێتەوە، تیمێکی پارێزەرانیان لە دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵای یاسایی لەسەر وەزارەتی خوێندنی باڵا تۆمار دەکەن و هەموو ڕێگایەکی دیکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە دەگرنەبەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.