Erbil 31°C یەکشەممە 21 حوزەیران 21:03

ئەمساڵ وشکترین ساڵی عیراقە لە 92 ساڵی رابردوودا

کوردستان TV
100%

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند تێکڕای وەرگرتنی ئاو لە سنووری ئاوڕێژی دیجلە و فورات بەراوەرد بە ساڵی رابروو گەیشتووەتە 27٪؛ سەرباری ئەوەش، یەدەگی ئاو لە بەنداو و کۆگاکاندا تەنها 8%ی توانای کۆگاکردن پێک دەهێنێت.

ڕۆژی پێنجشەممە 24ی تەمووزی 2025، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە راگەیاندراوێکدا روونی کردەوە ئەو وشکەساڵییەی رووی لە عێراق کردووە، دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی بارانبارین و کەمیی داهاتە ئاوییەکان لە وڵاتانی سەرچاوەوە.

وەزارەتەکە رایگەیاند ئەمساڵ یەکێکە لە وشکترین ساڵەکان لە ساڵی 1933ـەوە تا ئێستا و ئاماژەی بەوەش کردووە یەدەگی ئاو لە بەنداو و کۆگاکاندا ئێستا تەنها 8%ی توانای کۆگاکردن پێک دەهێنێت، واتە تێکڕای دابەزینەکە بەراوەرد بە ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە 57%.

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێ: "ئەم دابەزینە کاریگەرییەکی توندی کردووەتە سەر دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاو لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، بەتایبەتی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور و هەروەها کاریگەریی لەسەر پێداویستییە ئاوییەکانی پاراستنی سیستمی ئیکۆلۆجی لە هۆڕەکان و ژینگەی شەتولعەرەب هەبووە.

بەیاننامەکە هۆشداری داوە لەوەی بەردەوامیی کەمبوونەوەی داهاتە ئاوییەکان و هاوکاری نەکردنی وڵاتانی سەرچاوە، دەبێتە هۆی قوڵبوونەوەی قەیرانی ئاو و مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاوی عیراق دروست دەکات.

وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو داوای یەکخستنی هەموو هەوڵەکانی کردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە لە رێگەی پەیوەندیکردن بە وڵاتانی سەرچاوەوە بۆ زیادکردنی بەردانەوەی ئاو و هاوکاریکردنی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە لابردنی زیادەڕۆییەکان لەسەر رێڕەوە ئاوییەکان و بەکارهێنانی ژیرانەی ئاو لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و شارەوانیدا.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.