فڕۆکەیەکی مەدەنی لە گەشتێکدا بە 49 سەرنشینەوە لە هەرێمی ئاموری رۆژهەڵاتی دووری رووسیا لە رادار ونبوو و دواتر ڕاگەیاندرا فڕۆکەکە کەوتووەتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەست داوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی تەمووز، ڤاسیلی ئۆرلۆڤ، پارێزگاری ئامور، رایانگەیاند: فڕۆکەیەکی مەدەنیی جۆری ''ئانتۆنۆڤ ئان-24'' لە کاتی گەشتێکدا لە هەرێمی ئاموری رۆژهەڵاتی دووری وڵاتەکە لە رادار ون بووە و چارەنووسی سەرنشینەکانی نادیارە.
ڤاسیلی ئۆرلۆڤ، وتی: فڕۆکەکە لە شاری بلاگۆڤێشێنسکەوە بەرەو شارۆچکەی تیندا بەڕێ کەوتبوو، هەروەها وتیشی: ''بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، 43 سەرنشین، کە پێنجیان منداڵن، لەگەڵ شەش ئەندامی دەستەی فڕۆکەوانی لەناو فڕۆکەکەدا بوون''.
وەزارەتی باری نائاسایی رووسیا، پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکەکە چەند کیلۆمەترێک لە فڕۆکەخانەی تینداوە دوور بووە کاتێک پەیوەندیی پێوەی پچڕاوە و وڵامی بانگەوازەکانی نەداوەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، فڕۆکەکە لەسەر هێڵی ''خابارۆڤسک-بلاگۆڤێشێنسک-تیندا'' گەشتی کردووە و لێکۆڵینەوە بۆ زانینی وردەکاریی زیاتری رووداوەکە بەردەوامە.
ئاژانسی ریانۆستیی رووسیا کەمتر لە کاتژمێرێک دوای ونبوونی فڕۆکەکە رایگەیاند، تیمەکانی فریاکەوتن شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان دۆزیوەتەوە و هەموو سەرنشینانی فرۆکەکە گیانیان لەدەست داوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.