Erbil 31°C پێنجشەممە 03 ئەیلوول 11:13

وەزیری وزەی ئەمریکا: مەبەستمان دزینی نەوتی ڤەنزوێلا نییە و سەرچاوەکان موڵکی ئەو گەلەن

100%

کریس ڕایت وەزیری وزەی ئەمریکا، دوای سەردانەکەی بۆ کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلا، ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە باس لە هەوڵی واشنتن بۆ دزینی نەوتی ڤەنزوێلا دەکەن. ئەم لێدوانە وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی ڕێککەوتنامە نوێیەکەی نێوان هەردوو وڵات کرابوون، کە تێیدا ڕێگە بە ئەمریکا دەدرێت 20%ـی یەدەگی نەوتی ئەو وڵاتە بەکاربهێنێت.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە 28ـی ئابدا ڕایگەیاندبوو، کە واشنتن و کاراکاس گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە بەپێی ئەوە ئەمریکا مافی کۆنترۆڵکردنی زیاتر لە 65 ملیار بەرمیل نەوتی لە یەدەگی ڤەنزوێلا دەبێت. لە بەرامبەردا، ڤەنزوێلا چاوەڕوان دەکات لە ماوەی 25 ساڵی داهاتوودا بڕی 209 ملیار دۆلار قازانج لەم ڕێککەوتنە بەدەستبهێنێت.

کریس ڕایت لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان گوتی: من ئەو ناونیشانانەم بینی کە دەڵێن ئێمە نەوتی ڤەنزوێلا دەدزین؛ بێگومان ئەمە دوورە لە ڕاستی، چونکە سەرچاوە سروشتییەکان و نەوتی ڤەنزوێلا موڵکی گەلی ئەو وڵاتەن.

وەزیری وزەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە، کە کۆمپانیا تایبەتەکان تەنها سەرمایەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی نەوتەکە دابین دەکەن، بەڵام قازانج و باج و داهاتەکان بە تەواوی بۆ حکوومەت و گەلی ڤەنزوێلا دەبن. ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسەکە بریتییە لە دابەشکردنی داهاتەکان و واشنتن تەنها تەکنەلۆژیا و پارە بۆ پەرەپێدانی ئەو سەرچاوانە دابین دەکات کە پێشتر سوودیان لێ وەرنەگیراوە.

لە میانی سەردانەکەی ڕایت بۆ ڤەنزوێلا، چەندین گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان واژۆ کران، کە جیا لە کەرتی نەوت، پڕۆژەی چاککردنەوەی تۆڕی کارەبای ئەو وڵاتەش دەگرێتەوە. وەزیری وزە جەختی لەوە کردەوە، کە چاککردنی کەرتی کارەبا بۆ ڤەنزوێلا و پیشەسازیی نەوتەکەی یەکجار گرنگە، بۆ ئەوەی گەرەنتی بەردەوامیی کارەکان بکرێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.