Erbil 31°C یەکشەممە 21 حوزەیران 21:02

لێبوردنی نێودەوڵەتی: ئێران چەکی قەدەغەکراوی لە دژی ئیسرائیل بەکار هێناوە

کوردستان TV
100%

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە جەنگی 12 ڕۆژەدا "بۆمبی هێشوویی"ی لە دژی ئیسرائیل بەکار هێناوە کە چەکێکی قەدەغەکراوە و گیانی خەڵکی مەدەنیی خستووەتە مەترسییەوە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی پێنجشەممە 24ی تەمووزی 2025، بڵاوی کردووەتەوە، بە پشتبەستن بە نوێترین لێکۆڵینەوەکان ڕایگەیاند لەم جەنگەدا "هێزەکانی ئێران مووشەکی بالستییان، بە کڵاوەی هەڵگری بۆمبی هێشووییەوە، ئاراستەی شوێنەکانی نشتەجێبوونی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ئیسرائیل کردووە".

ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە کە بە تایبەتی لە بواری مافی مرۆڤدا چالاکە ئاماژەی بەوە کردووە، بە لێکدانەوەی کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆ بەو دەرئەنجامە گەیشتووە کە ئێران ڕۆژی 19ی حوزەیران لە ناوچەی نشتەجێبوونی "گوش دان" لە دەوروبەری تەلئەبیب، ئەم جۆرە چەکە قەدەغەکراوەی بەکار هێناوە.

"ئێریکا گۆڤارا رۆساس"، بەڕێوەبەری گشتیی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێ: "ئێرانییەکان بە کەڵکوەرگرتن لەم جۆرە چەکە قەدەغەکراوانە لە دژی شوێنەکانی نشتەجێبوونی هاووڵاتییان، گیانی کەسانی مەدەنییان خستووەتە مەترسییەوە".

جەختیشی کردووەتەوە: "کەڵکوەرگرتنی بە ئانقەستی ئێرانییەکان لەم جۆرە چەکانە، بە شێوەی کۆنترۆڵنەکراوە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتییە".

بۆمبی هێشوویی هەڵگری چەندین بۆمبی بچووکە کە لە بەرزیی حەوت کیلۆمەتر لەسەر رووی زەوی دەتەقێتەوە و ئەم بۆمبە بچووکانە لە ڕووبەرێکی بەربڵاودا بڵاو دەکاتەوە. بەشێک لەم بۆمبە بچووکانە لە پاش کەوتنەخوارەوە ناتەقنەوە و ڕەنگە لە داهاتوودا کەسانی مەدەنی و بە تایبەت منداڵان بکەنە قوربانی.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.