بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ئاگرەکەی بەرزنجە سەری هەڵداوەتەوە و توانیویانە تۆمەتبارێکی دیکە دەستگیر بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ی تەممووز، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: "ئاگرەکەی بەرزنجە دووبارە سەری هەڵداوەتەوە و بووەتە هۆی سووتانی 1500 دۆنم".
دوێنێ، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاوی کردەوە ئاگرەکەی سنووری بەرزنجە، کە هەردوو گوندی چنارە و باسکی گرتبووەوە، کۆنترۆڵ کرا. بەڵام ئەمڕۆ هەمان بەڕێوەبەرایەتی ڕایگەیاند جارێکی دیکە ئاگرەکە سەری هەڵداوەتەوە و زیانێکی زۆری بە ناوچەکە گەیاندووە و ئەمڕۆ دووبارە کۆنترۆڵیان کردووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بەهۆی ئەم ئاگرەوە 50 دۆنم باخ و ڕەزی هاووڵاتییان زیانیان بەرکەوتووە و 1500 دۆنم لە پووش و پاوانیش سووتاوە.
ئاگرەکە پێشتر لەلایەن تۆمەتبارێکەوە کرابووەوە و بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، تۆمەتبارێکی دیکەش دەستگیرکراوە و ڕێکاری یاسایی لە دژی هەردوو تۆمەتبارەکە گیراوەتەبەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.