بەرێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان دەڵێت، لە سەرەتای ساڵی 2026 پرۆژەی رووناکی دەگاتە سنووری گەرمیان و 85 هەزار هاوبەش لێی سوودمەند دەبن.
رۆژی چوارشەممە 23ـی تەمووز، حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی راگەیاند: "پرۆژەی رووناکی لە سەرەتای ساڵی 2026 لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەست پێ دەکات و هاووڵاتییانی سنوورەکە لێی سوودمەند دەبن".
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 85 هەزار هاوبەشی کارەبا هەیە و بە گوێرەی پێوانەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای ئەو سنوورە، کەمتر لە 50٪ـی کارەبای پێویستییان بۆ دابین دەکرێت.
بەرێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان دەڵێت: سنوری گەرمیان پێویستی بە 250 مێگاوات کارەبا هەیە بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ دابین بکرێت، بەڵام ئێمە لە ئێستادا تەنیا 110 مێگاواتمان لەبەر دەستە.
حازم کەریم دەڵێت، سنوورەکەمان گەورەیە، کەلار و کفری و تەواوی گوند و ناحییەکانی چواردەوری لەسەرە، بۆیە پێویستە کارەبای زیاتر بۆ سنوورەکە دابین بکرێت و دەشڵێت؛ بە گەیشتنی پرۆژەی رووناکی، ئەو کێشەیە نامێنێت و کارەبای بێ سنوور و 24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییانمان دابین دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.