سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند وڵاتەکەی خوازیاری جەنگ نییە بەڵام پشت بە ئاگربەستیش نابەستێت و هێزە چەکدارەکانیان ئامادەی هێرش بۆسەر قووڵایی خاکی ئیسرائیلن.
مەسعود پزیشکیان لە گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند ئیسرائیل زەبری لە ئێمە داوە؛ لە بەرامبەردا ئێرانیش بەهێزەوە زەبری لە قووڵایی خاکی ئیسرائیل داوە بەڵام ئیسرائیل زیانەکانی دەشارێتەوە.
سەرۆککۆماری ئێران جەختی کردەوە وڵاتەکەی جەنگی ناوێ بەڵام پشت بە بەردەوامبوونی ئاگربەستیش نابەستێت و دڵنیا نییە لەوەی ئیسرائیل پابەندی ئاگربەست بێت هەر بۆیە ئامادەیە لە بەرامبەری ئیسرائیلدا بەرگری لە خۆی بکات و هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەن قووڵایی سنووری ئیسرائیل بە ئامانج بگرن.
مەسعود پزیشکیان گوتیشی قسە کردن لە کۆتاییهاتن و لەناوچوونی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران "تەنیا وەهمە" لەبەر ئەوەی "توانایی ئەتۆمیی ئێران لە ناو بیر و مێشکی زانایانی ئێرانیدایە نەک لە دامەزراوە ئەتۆمییەکاندا" جەختیشی کردەوە وڵاتەکەی بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.