وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، هۆشداریی دایە عێراق دەبێت لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە دەست پێ بکاتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 23ی تەمووزی 2025، ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر زاری تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بڵاوی کردەوە: مارکۆ ڕوبیۆ، دەربارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ژێرخانی وزە، بەتایبەتی ئەوانەی کە لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سودانی گفتوگۆی کرد و جەختی کردەوە دەبێ حکوومەتی عێراق لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکان و ڕێگری لە هێرشی داهاتوو بکات.
پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمیش دوو تەوەری دیکەی گفتوگۆکان بوون. بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆبیۆ ئاماژەی بە گرنگیی پێدانی بەردەوامی مووچەی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاش کرد.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانییە جیددییەکانی ئەمریکای سەبارەت بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی دووپات کردەوە، کە ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانە و جەختی لەوە کردەوە هەر یاسایەکی لەو جۆرە دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی هەژموونی ئێران و ئەو گرووپە چەکدارە تیرۆریستییانەی سەروەریی عێراق لاواز دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.