میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویان كرده‌وه، به‌هۆی پشێوییه ئه‌منییه‌كانه‌وه، وڵاته‌كه‌یان ڕه‌زامه‌ندیی ده‌ربڕیوه له‌سه‌ر چوونەژووره‌وه‌ی سنوورداری هێزه ئه‌منییه‌كانی سووریا بۆ ماوه‌ی 48 كاتژمێر بۆ ناو پارێزگای سوه‌یدا.
ئەمڕۆ هەینی 18ـی تەمووز، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسیی باڵاوه ڕایگه‌یاند: به‌هۆی ئاڵۆزییه به‌رده‌وامه‌كانی باشووری ڕۆژئاوای سووریا، ئیسرائیل ڕه‌زامه‌ند بووه كه ماوه‌ی 48 كاتژمێر ڕێگه به چوونەژووره‌وه‌ی سنوورداری هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا بدات بۆ پارێزگای سوه‌یدا.
ئه‌م پێشهاته دوای ئه‌وه دێت كه ڕۆژی چوارشه‌ممه، وه‌زاره‌تی ناوخۆی سووریا ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌ستی له نێوان سوپا و گرووپه چه‌كداره درووزییه‌كان له سوه‌یدا ڕاگه‌یاند، به‌ڵام به‌هۆی ململانێی عه‌شیره‌ته‌كانه‌وه، هۆزه به‌ده‌وییه‌كان دۆخی ئاماده‌باشی گشتییان دژی كۆمه‌ڵگه‌ی درووزی ڕاگه‌یاند و جارێكی دیكه شه‌ڕ له باشووری وڵات ده‌ستی پێ كرده‌وه.
ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردوو هه‌واڵی هێرشی گرووپه چه‌كداره به‌ده‌وییه‌كان بۆ سه‌ر ژماره‌یه‌ك گوندی درووزنشین له پارێزگای سوه‌یدا بڵاو بووه‌وه، كه هێزه‌كانی حكوومه‌تی ناچار كرد ده‌ستوه‌ردان له ململانێكه‌دا بكه‌ن. له به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاڵۆزییانه‌دا، ئیسرائیل پشتیوانیی خۆی بۆ دانیشتووانی درووزی ڕاگه‌یاندبوو.
ڕۆژی چوارشه‌ممه، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هێرشی كرده سه‌ر وەزارەتی بەرگری و كۆشكی سه‌رۆكایه‌تیی سووریا له دیمه‌شق، هه‌روه‌ها هێرشی كرده سه‌ر پێگه‌كانی سوپای سووریا له پارێزگای سوه‌یدا، كه به گوته‌ی ئیسرائیل، ئامانج لێی پاراستنی كۆمه‌ڵگه‌ی درووزی و كۆتاییهێنان به چه‌وساندنه‌وه‌یان بووه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.