بەشێك لە میدیاكارانی سووریا دەنگۆیەكی كەناڵی 14ی ئیسرائیلییان بەدرۆ خستەوە كە باسی لەوە كردبوو، ئەحمەد شەرع سەرۆكی سووریا و خێزانەكەی هەڵهاتوون و وڵاتەكەیان جێهێشتووە بەهۆی مەترسی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگا سەربازییەكانی سووریا.
هەرچەندە كۆشكی كۆماری سووریا تا ئێستا هیچ روونكردنەوەیەكی فەرمی لەمباریەوە نەداوە، بەڵام بەشێك لە میدیاكارانی سووریا لە رێگەی كورتە ڤیدیۆیەكەوە لە گۆڕەپانی ئەمەویین ئەو دەنگۆیەیان رەت كردەوە و جەختیان كردەوە كە دۆخی دیمەشقی پایتەخت ئارام و ئاساییە.
میدیاكاران جەختیان لەوە كردەوە كە بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە بۆ دروستكردنی كەشێكی نائارامە لە سووریا و هەروەها خزمەتكردنی ئەجیندای وڵاتانی دیكەی لە پشتەوەیە.
دوێنێ پێنجشەممە ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری قۆناغی راگوزەری سووریا لە وتەیەكدا بەرپرسیارەتی ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەمنیی پارێزگای سوەیدای خستە ئەستۆی ئیسرائیل.
ئەحمەد شەرع رایگەیاند: ئیسرائیل دەیەوێت كێشە و ئاشووب لە ناوخۆی سووریا دروست بكات و وڵات بە گشتی بكاتە گۆڕەپانی شەڕ و ئاڵۆزییەكان.
رۆژی چواشەممەی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بە چەند مووشەكێك، باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی سووریایان بۆردومان كرد، بەهۆی ئەم بۆردومانە وەزیری بەرگری و ژماریەكی دیكە لە فەرماندە و ئەفسەری باڵای سووریا كوژران و بریندار بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.