ئەمشەو هەینی هەردوو یانەی كوردستان (دهۆك – زاخۆ) لە یاریی كۆتایی جامی عێراق رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، ماڵپەڕی (كوردستان تیڤی) بەشێوەی راستەوخۆ رووماڵی تەواوی یارییەكە دەكات و هاووڵاتییان دەتوانن بە كۆمێنتاری كوردی لە سۆشیال میدیا و شاسەی (كوردستان تیڤی) بینەری یارییەكە بن.
یارییەكە كاتژمێر 20:00 لەنێو یاریگەی شەعب لە بەغدا دەست پێ دەكات، بەڵام رووماڵی كوردستان تیڤی كاتژمێرێك پێش یارییەكە واتە لە 19:00 دەست پێ دەكات.
یانەی دهۆك لە قۆناغی پێش كۆتایی بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی قووە جەوییەی بردبووەوە و خۆی گەیاندبووە یاریی كۆتایی جامی عێراق، لەبەرامبەریشدا یانەی زاخۆ بە لێدانی سزای یەكلاكەرەوە و بە ئەنجامی 4-3 گۆڵ لە یانەی شوڕتەی بردبووەوە.
بڕیاربوو ئەم یارییە لەنێو یاریگەی نەورۆز لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام لیژنەی كێبەڕكێكان لە یەكێتی تۆپی پێی عێراق بڕیاری دا ئەنجامدانی یارییەكە بگوازێتەوە بۆ یاریگەی شەعب لە بەغدا.
هاندەرانی هەردوو یانەی دهۆك و زاخۆ و هاووڵاتییان لە تەواوی هەرێمی كوردستان لە دوێنێ پێنجشەممەوە بۆ بینینی یارییەكە چوونەتە بەغدا و چاوەڕوان دەكرێت هاندەرێكی زۆر لەنێو یاریگە ئامادەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.