سەرۆکایەتیی ڕۆحیی درووزییەکانی سووریا بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندراوێک ماتەمینی گشتیی لە سوەیدا ڕایگەیاند و داواشی کردووە ڕێگاکان بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان و دەروازەیەکی سنوورییش لە نێوان سوەیدا و ئوردندا بکرێتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە 17ی تەمووزی 2025، سەرۆکایەتیی ڕۆحیی درووزییەکانی سووریا بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندراوێک ماتەمینی گشتیی لە ناوچەی سوەیدا ڕاگەیاند و هێرشی سوپای حکوومەتی کاتیی سووریای وەک هێرشی ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی تاوانبار کە هێچ پەیوەندییەکی بە مرۆڤایەتییەوە نییە ناو برد.
داواشی کردووە تیمە پزیشکییەکان بۆ یارمەتیدانی بریندارەکان و تیمی بەڵگەمەندکردنی تاوانەکانیش بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان بگەنە ناوچەکە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتیی رۆحیی درووزییەکاندا هاتووە: "داوا دەکەین ڕێگاکان بەرەو برایانی کوردمان بکرێنەوە و ڕوو دەکەینە خاوەن شکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم لە شانشینی ئوردونیی هاشمی بۆ دەرکردنی فەرمان بە کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری لە نێوان سوەیدا و ئوردون، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی مرۆیی ئەم ڕێگایانە لەم ساتە هەستیارانەدا".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.