Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 08:23

فراکسیۆنی پارتی داوای کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراق دەکات

کوردستان TV
100%

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە بڵاوکردنەوەی راگەیاندراوێک هێرش بۆ سەر کێڵگەنەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی ئیدانە کردووە و داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات، بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات لە ئەستۆ بگرێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە ڕۆژی پێنجشەممە 17ی تەمووزی 2025 بڵاو کراوەتەوە هاتووە: "لەسایەی ئەو فشارە ئابوورییە ستەمکارانەیەی کە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەرێم ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی تیرۆریستی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە کە دامەزراوە گرنگ و ستراتیژییەکانی کردووەتە ئامانج، لەوانە ژێرخانەکان، پاڵاوگەکانی نەوت، و سەرچاوەکانی وزە"

لە ڕاگەیاندراوەکەدا بە ئاماژەکردن بەوەی ئەم هێرشانە پەرەسەندنێکی مەترسیدار پێکدەهێنێت کە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق، و هەڕەشەی زیانی گەورە لە خوێنبەری ئابوورییەکەی دەکات، جەخت کراوەتەوە هێرشەکان بە ڕوونی دەری دەخەن ئەوانەی لە پشتیانەوەن هیچ پەیوەندییەکیان بە نیشتمانپەروەرییەوە نییە، بەڵکو هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای گوماناوی دەدەن کە خزمەت بە بەرژەوەندیی تەسک دەکەن لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گەلی عێراق و یەکڕیزییەکەی.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە حکومەتی فیدراڵی کردووە "بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات، لە ئەستۆ بگرێت و هەنگاوی یەکلاکەرەوە بنێت بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە و ئاشکراکردنی ئەنجامدەران و هێنانیان بۆ بەردەم دادگا".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا کراوە: "کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران ببەسترێت بۆ تاوتوێکردنی ئەم پێشهاتە مەترسیدارانە و ئاگاداربوون لە ڕێکارەکانی حکومەت لەوبارەیەوە، ئەمەش بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانانە لە پاراستنی نیشتمان و هاووڵاتی".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.