فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند هێزەکانی بەرگریی نیشتمانیی یەمەن دەستیان بەسەر 750 تۆن چەکی پێشکەوتوودا گرتووە کە لە ئێرانەوە بۆ حووسییەکانی یەمەن بەڕێ کرابوو.
سێنتکۆم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە ئەم چەکانە لە مووشەکی کڕووز، مووشەکی دژە کەشتی و دژە ئاسمانی، کڵاوەی جەنگیی مووشەک، پشکێنەر، بزوێنەری درۆن، ئامێرەکانی بەرگریی ئاسمانی، سیستەمی ڕاداری و کەلوپەلی پەیوەندی پێک هاتوون.
سێنتکۆم ڕاشیگەیاندووە دەستبەسەرداگرتنی ئەم چەکانە بە گوێرەی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە نەناردنی چەک بۆ لایەنەکانی جەنگ بووە و سەلمێنەری پابەندبوونی هێزەکانی بەرگریی نیشتمانیی یەمەن بە ئاسایشی دەریای سوور و کەنداوی عەدەنە.
هێزەکانی بەرگریی نیشتمانیی یەمەن بە سەرۆکایەتیی ژێنەراڵ تارق ساڵح کە دەستیان بەسەر ئەم چەکانەدا گرتووە دەڵێن لە نێو چەکەکاندا نامیلکەی ڕێنوێنیی بەکارهێنانی چەکەکان بە زمانی فارسی دۆزراوەتەوە و زۆربەی ئەو چەکانە لە لایەن کۆمپانیایەکی ئێرانییەوە بەرهەم هاتوون کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەم وڵاتەیە و پێشتر لە لایەن حکوومەتی ئەمریکاوە گەمارۆی خراوەتە سەر.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.