کۆمپانیای "دی ئێن ئۆ"ی نەرویجی ڕایگەیاند دوابەدوای چەند تەقینەوەیەک لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ لە هەرێمی کوردستان، کارەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لەم کێڵگەیە بۆ ماوەیەکی کاتی ڕادەگرێت.
ڕۆژی چوارشەممە 16ی تەمووزی 2025، کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ڕایگەیاند دوابەدوای سێ تەقینەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕوویان دا، تانکییەکی بچووک لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ و کەرەسەکانی چارەسەرکردنی سەر زەوی لە کێڵگەی پیشخاپوور بە ئامانج گیران. ئاماژەی بەوەش کردووە لەم هێرشانەدا هیچ کەسێک بریندار نەبووە و هەڵسەنگاندنی زیانەکان دەستی پێ کردووە.
بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، بە هۆی ئەم هێرشانەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاوەستاوە و دوای ئەوەی هەڵسەنگاندنی زیانەکانی ئەم هێرشانە تەواو بوو، بەرهەمهێنان دەست پێ دەکاتەوە.
کۆمپانیای DNO ASA یەکێکە لە کۆمپانیا پێشەنگەکانی نەرویج لە بواری نەوت و گازدا، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەریای باکوور و ڕۆژئاوای ئەفریقا کارا و چالاکە.
کۆمپانیاکە لە ساڵی ١٩٧١ دامەزراوە و خاوەنی پشکە لە مۆڵەتی وشکانی و دەریاییدا لە قۆناغە جیاوازەکانی گەڕان و پەرەپێدان و بەرهەمهێناندا لە هەرێمی کوردستان، نەرویج، شانشینی یەکگرتوو، کۆتدیڤوار و یەمەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.