وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند هێرشەکانی سەرلەبەیانیی ئەمرۆ بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی زاخۆ زیانی گیانییان نەبووە بەڵام زیانێکی زۆر بە ژێرخانی کێڵگەکان گەیشتووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا هاتووە: "سەر لەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە 16ی تەمووزی 2025، لە ڕێگای درۆنی بۆمبرێژکراوەوە ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەکانی نەوتی تاوکێ و پێشخابوور و عین سفنی لە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆ و قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهوک". ئاماژە بەوەش کراوە "هەر چەندە هێرشەکان زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆری بە ژێرخانی کێڵگەکان کەوتووە".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە تووندی ئەم هێرشە تیرویستیانەی ئیدانە و شەرمەزار کردووە و جەختی کردووەتەوە مەبەست لەم هێرشانە، "لێدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی مەترسییە لە سەر سەلامەتی کارمەندانی مەدەنیی کەرتی وزە".
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، "بانگەوازی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بە زووترین کات بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی و ئەمنییەتی وزە و ڕێگریکردن لە هێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی وزەی کوردستان".
ڕاشیگەیاندووە "هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی کەرتی ووزە و پێگەی ستراتیجیی خۆی لە دابینکردنی سەقامگیریی وزە لە ناوچەکە و جیهان دەدات".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.