Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 22:14

دەستەی نوێی کارگێڕیی یانەی هەولێر هەڵدەبژێردرێت

کوردستان TV
100%

 پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی کارگێڕیی یانەی وەرزشیی هەولێر بەڕێوە دەچێت، بەپێی زانیارییەکان لیستێکی 11 بۆ 13 کەسی پێشوەختە ئامادە کراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت نزیکەی نیوەی ئەو لیستە سەربکەون و چەندین کاندیدی دەرەوەی لیستەکە ببنە براوەی هەڵبژاردنەکە.

ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی تەمووز، کاتژمێر 4ـی ئێوارە، کۆنگرەی گشتیی یانەی وەرزشیی هەولێر بە مەبەستی هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێی کارگێڕی دەستی بە کارەکانی کرد.

بەپێی زانیارییەکانی سامان سلێمان پەیامنێری (کوردستان تیڤی): لە دوێنێوە لیستێکی نافەرمی کە لە نێوان 11 بۆ 13 کاندید پێکهاتووە، ئامادە کراوە و لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا گۆڕانکاری لە چەند ناوێکیدا کراوە.

(کوردستان تیڤی) زانیویەتی، بڕیارە لەنێو هۆڵی هەڵبژاردنەکەشدا ژمارەیەک کاندیدی دیکە لەپێناو سەرخستنی ئەو لیستەدا بکشێنەوە، لە بەرامبەریشدا چەند کاندیدێکی دیکە سوورن لەسەر مانەوە و کێبڕکێکردن تا کۆتایی.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لیستە ئامادەکراوەکە چەندین کەسایەتیی دیار لەخۆدەگرێت، لەوانە: قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، سەرۆکی پێشووی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، سێ مامۆستای زانکۆ، دوو نوێنەری پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی، پارێزەرێک، سێ ئەندامی پێشووی دەستەی کارگێڕی و خانمێک.

پەیامنێری (کوردستان تیڤی) ئاشکرای کرد، سەرەڕای بوونی ئەم ناوانە، پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن کە لە کۆی ئەو لیستە تەنیا پێنج بۆ شەش کەس بتوانن دەنگی پێویست بەدەست بهێنن و کورسییەکانی دیکەی دەستەی کارگێڕی لەلایەن ئەو کاندیدانەوە پڕ بکرێنەوە کە لە دەرەوەی لیستەکەن.
 

وه‌رزش

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.