Erbil 31°C دووشەممە 15 حوزەیران 23:22

لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە یەک بڕیار و داواکاری دەچنە دیمەشق

کوردستان TV
100%

جه‌دعان عه‌لی، نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردی سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌) له‌ هه‌رێمی كوردستان بە "دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی"ی ڕاگەیاند: شاندی لایەنەکانی رۆژئاوا تا ئێستا وادەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ دیمەشق دیاری نەکردووە.

جەدعان عەلی دەڵێت، خاڵی زۆر گرنگ ماوە لەناو خۆمان تاوتوێی بکەین بۆ ئەوەی بە یەک بڕیار و داواکاری بچینە دیمەشق و هەمووان یەکدەنگ بین لە بەدەستهێنانەوەی مافی کورد لە ناوچەکە.

تورکیا چەند ناوچەیەکی کوردی داگیر کردووە وبە بەردەوامی هێرش دەکاتە سەریان؛ لەو بارەیەوە جەدعان عەلی گوتی، "عەفرین و ناوچە کوردییەکان هەمیشە قوربانیی دەستی دوژمنانمان بوون، ئەمجارە لە عەفرین بڕیارە کوردێک ببێتە پارێزگار و ئێمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ جەنابی پارێزگار هەوڵ دەدەین لەگەڵ تورکیا بگەینە رێککەوتن و دەست لە ناوچە کوردییەکان هەڵبگرن."

سەبارەت بە دوخی کورد لە ناوچەکە نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردی سووریا (ئه‌نه‌كه‌سه‌) له‌ هه‌رێمی كوردستان گوتی: "تا لایەنەکان و حیزبە کوردییەکان یەکدەنگ بن هیچ لایەنێک ناتوانن زەفەرمان پێ ببەن و بەو هیوایە دەچینە کۆبوونەوەکان پێگەی کورد لە ناوچەکە تۆکمە بکەینەوە، کورد مێژوو شوناس و ئاڵا و زمانی هەیە وەک هەر لایەنێکی دیکەی سووریا مافی هەیە و نابێت بە چاوی کەمتر سەیر بکرێت".

لە راگەیێندراوی کۆتایی کۆنفڕانسەکەدا سەبارەت بە بە ئامانجی بەڕیوەچوونی کۆنفرانسی ''یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد'' لە رۆژئاوای کوردستان هاتبوو: "کۆنفرانسەکە بە ئامانجی گرتنەبەری ڕوانگەیەکی یەکگرتووی کورد بۆ بنیاتنانی سوریایەکی نوێ و بەشداریکردنی لە داڕشتنی ئایندەی سووریا و چارەسەرکردنی کێشەی کورد، لەم قۆناخە گرنگەی مێژووی سوریادا، دوای رووخانی رژێمی ستەمکار لە دیمەشق لە 8ی کانوونی دووەمی 2024، سازکرا."

ڕۆژی چواری حوزەیران، لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە فەرمی شاندی کوردستانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ دیمەشقیان راگەیاندبوو. سلێمان ئۆسۆ، ئەندامی شاندەکە بە پەیامنێری کوردستان تیڤی لە دیمەشقی ڕاگەیاندبوو پێکهێنانی ئەو شاندە بەرهەمی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە قامیشلۆ بووە کە رۆژی 26ـی نیسان بە دەستپێشخەریی سەرۆک مەسعود بارزانی بەسترا و جەختیشی کردەوە؛ "ئەو کۆنفرانسە بۆ شاندەکە وەک مەرجەع وایە".

شاندی ڕۆژئاوای کوردستان لە دانوستانەکاندا داوا دەکەن دەستووری نوێی سووریا دان بە مافە نەتەوەیی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی کورددا بنێت و زمانی کوردی هاوشانی زمانی عەرەبی بە فەرمی بناسرێت. جەختیش دەکەنەوە ناوی کۆماری عەرەبیی سووریا نەمێنێت و ناوی حکوومەتی سووریا دەبێت بە گوێرەی نەتەوەکانی ناو ئەم وڵاتە بێت و ئەمەش لە دەستووردا بچەسبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.