Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 10:54

ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێت ئێران بنکە سەربازییەکانی پێکاوە

کوردستان TV
100%

بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئیسرائیل بۆ یەکەمجار دانی بەوە دانا کە هێرشە ئاسمانییەکانی مانگی ڕابردووی ئێران، هەندێک لە بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیلیان پێکاوە، بەڵام جەختی کردەوە کە زیانەکان کەمن و بنکەکان هێشتا کارا ماونەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی تەمووز، بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل ڕایگەیاند: هێرشە ئاسمانییەکانی مانگی ڕابردووی ئێران هەندێک بنکەی سەربازیی ئیسرائیلیان پێکاوە، ئەمەش بە یەکەم دانپێدانانی فەرمیی ئیسرائیل دادەنرێت کە بنکە سەربازییەکانی لەلایەن ئێرانەوە کرابنە ئامانج.

ئەو بەرپرسە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە: ژمارەیەکی کەم لە بنکەکان زیانیان بەرکەوتووە و هێشتا کارا ماونەتەوە.

ناوبراو ڕەتی کردەوە زانیاریی زیاتر بدات، لەوانەش ناساندنی شوێنی ئەو بنکە سەربازییانەی کە کراونەتە ئامانج یان ئاستی زیانەکان بۆ ژێرخانی سەربازیی ئیسرائیل.

ئێران مانگی ڕابردوو زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی دژی ئیسرائیل ئەنجام دا، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل لە 13ـی حوزەیران هێرشێکی کتوپڕی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کۆگاکانی مووشەکی ئێران.

هێرشەکانی ئێران زۆرجار شارە پڕ دانیشتووانەکانی وەک تەلئەڤیڤ و حەیفا و باشووری ئیسرئیلی دەکردە ئامانج کە چەندین بنکەی سەربازیی لێیە.

لە هێرشەکاندا چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوت، هەرچەندە سوپای ئیسرائیل دەڵێت زۆربەی ئەو مووشەک و درۆنانەی لەلایەن ئێرانەوە هەڵدرابوون، لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەدا خراونەتە خوارەوە.

لە ئیسرائیل 28 کەس گیانیان لەدەست دا، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە 935 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەست داوە.

فەرماندەی سەربازی و هاووڵاتیی مەدەنی لە ئێران کوژران، لە کاتێکدا لە ئیسرائیل لەنێو 28 کوژراوەکەدا، یەکێکیان سەرباز بوو کە لە مۆڵەتدا بوو.

ئیسرائیل و ئێران لە 24ـی حوزەیران لەسەر ئاگربەستێک بە نێوەندگیریی ئەمریکا ڕێککەوتن، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا خۆی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردومان کرد.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.