Erbil 31°C شەممە 12 تەمووز 03:26

دوای 14 ساڵ بریتانیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ئاسایی دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

حکوومەتی بریتانیا دوای 14 ساڵ دابڕان، گەڕانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سووریا راگەیاند، وەزیری دەرەوەی بریتانیا سەردانی دیمەشقی کرد و لەگەڵ سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سووریا کۆبووەوە و ئاماژەی بەوە کرد، سەقامگیریی سووریا لە بەرژەوەندیی بریتانیادایە، هاوکات پاکێجێکی نوێی هاوکاری بە بڕی 94.5 ملیۆن پاوەند بۆ سوورییەکان راگەیاند.

 

ئەمڕۆ شەممە پێنجی تەممووز، حکوومەتی بریتانیا، دوای 14 ساڵ لە پچڕانی، دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سووریا راگەیاند.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکوومەتی بریتانیا، ئەم بڕیارە لە پەراوێزی سەردانی دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سووریا، دراوە.  

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە لامی بۆ ئەوە سەردانی دیمەشقی کردووە تاوەکو پشتگیریی بریتانیا بۆ حکوومەتی سووریا لە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی دووپات بکاتەوە.

حکوومەتی بریتانیا لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، پاکێجێکی دیکەی هاوکاری بە بڕی 94.5 ملیۆن پاوەندی ئیستەرلینی رادەگەیێنن بۆ پێشکێشکردنی هاوکاریی بەپەلە بە سوورییەکان.

هەروەها دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا رایگەیاند: "سەقامگیریی سووریا لە بەرژەوەندیی شانشینی یەکگرتوودایە، چونکە مەترسیی کۆچی نایاسایی کەمدەکاتەوە، دڵنیایی لە لەناوبردنی چەکی کیمیایی دەدات، رووبەڕووی مەترسیی تیرۆر دەبێتەوە و پلانی حکوومەت بۆ گۆڕانکاری جێبەجێ دەکات."

هاوکات، سەرۆکایەتیی سووریا رایگەیاند کە ئەحمەد ئەلشەرع پێشوازی لە دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگاکانی پتەوکردنی هاریکاری و دواپێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کراوە

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.