جێگری سەرۆکی ئاژانسی فڕۆکەوانیی ئێران ئاشکرای کرد لە دەستپێکردنی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئسیرائیل تا 10 ڕۆژ دوای ئاگربەست، 22 هەزار گەشتی ئاسمانی لە ئێران هەڵوەشاونەتەوە.
حەمیدڕەزا سانعی، بە ئاژانسی کاری ئیران (ئیلنا)ی ڕاگەیاند، "لەو ماوەیەدا 22 هەزار گەشت هەڵوەشاوەتەوە و ئێستا خەریکی خەمڵاندنی وردی زیانەکانین. ڕاپۆرتێکیش لەمبارەیەوە بۆ وەزارەتی ڕێگا و شارسازی بەڕێ کراوە."
گوتیشی "هەوڵ دەدەین لە ڕێگای ئەنجومەنی وەزیرانەوە زیانەکانی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی قەرەبوو بکرێتەوە لەبەر ئەوەی لەم پەیوەندییەدا تەنیا ماددەی 63ی یاسای داهاتەکانی حکوومەت لەبەر دەستە کە دەڵێ لە کاتی جەنگدا کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی باج و رسووماتی فڕۆکەخانەکان نادەن؛ بەڵام بۆ پشتیوانیی زیاتر لەم کۆمپانیایانە هیچ یاسایەکی دیکەمان نییە".
لە پاش دەستپێکردنی هێرشی هێزی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران لە ڕۆژی 13ی حوزەیرانەوە، تا 5ی تەمووزی 2025، ئێران بۆ ماوەی 22 ڕۆژ ئاسمانی خۆی بە ڕووی گەشتە ئاسمانییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا داخست و هەموو گەشتەکانی هەڵوەشاندەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.