Erbil 31°C چوارشەممە 12 ئاب 13:12

خۆرگیرانێکی دەگمەن ئاسمانی ئەوروپا دادەپۆشێت

100%

ملیۆنان کەس لە کیشوەری ئەوروپا چاوەڕێی بینینی دیاردەیەکی دەگمەنی خۆرگیرانی تەواو دەکەن، کە ئەمە یەکەمین خۆرگیرانی لەو شێوەیەیە لە ساڵی 2006ـەوە لەو کیشوەرەدا بەدی بکرێت. ئەم دیاردەیە بەشێکی زۆری ناوچەکانی ئیسپانیا لە کاتی ڕۆژدا نوقمی تاریکییەکی نائاسایی دەکات.

خۆرگیرانەکە سەرەتا لەوپەڕی باکووری ڕووسیا و ناوچە جەمسەرییە دوورەدەستەکان لە کاتژمێر 17:00 بەکاتی گێرنیتچ دەردەکەوێت، پاشان بەسەر هەریەک لە گرینلاند و ئایسلەندادا تێدەپەڕێت.

ئیسپانیا بە باشترین شوێن بۆ بینینی ئەم خۆرگیرانە تەواوە دادەنرێت، کە تێیدا سێبەرەکە بە شێوەیەکی لاری لە کەناراوەکانی باکووری زەریای ئەتڵەسییەوە بەرەو دەریای ناوەڕاست دەڕوات و لە دەوروبەری کاتژمێر 18:30 بەکاتی گێرنیتچ کۆتایی پێدێت.

جگە لە خۆرگیرانی تەواو، خۆرگیرانێکی نیمچەیی لە زۆربەی ناوچەکانی تری ئەوروپا، کەنەدا، باکووری ئەمریکا و باکووری خۆرئاوای ئەفریقا دەبینرێت.

دیاردەی خۆرگیران تەنها دیمەنێکی گەردوونی نییە، بەڵکو کاریگەریی کاتی لەسەر سروشت دروست دەکات لە کاتی ڕوودانی خۆرگیرانەکەدا پلەی گەرما دادەبەزێت، سێبەرەکان گۆشەی نائاسایی وەردەگرن و بەشێک لە ئاژەڵان وا هەست دەکەن شەو داهاتووە و دەچنە ناو کاتی خەوتنەوە.

ماوەی خۆرگیرانی تەواو لە ئیسپانیا تەنها 2 خولەک دەبێت پێش ئاوابوونی خۆر، بەڵام لە ڕووسیا و گرینلاند کەمێک زیاتر دەخایەنێت. پڕۆسەی خۆرگیرانی نیمچەیی لە دەستپێکەوە تا کۆتایی تێپەڕبوونی مانگ نزیکەی 1 کاتژمێر و 45 خولەک دەخایەنێت.

زانایان ئەم هەلە دەقۆزنەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرگەهەوای خۆر و چینە دەرەکییەکانی، بە ئامانجی تێگەیشتنی زیاتر لە نهێنییەکانی تایبەت بە بای خۆر و کایە موگناتیسییەکانی دەوروبەری.

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.