ئاژانسی ئاسایشی تەندروستیی بریتانیا هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی خێرای جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەناوی "ستراتۆس" و دەڵێت، ئێستا رێژەیەکی بەرچاوی تووشبووان پێکهێناوە.
ئاژانسی ئاسایشی تەندروستیی بریتانیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەناوی "ستراتۆس" لە بریتانیا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و ئێستا رێژەیەکی بەرچاوی تووشبووانی ڤایرۆسەکەی پێک هێناوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی ئەو ئەنجامانەی لە پشکنینە جیناتۆکییەکاندا دەرچوون، جۆرەکانی XFG و XFG.3 لە نموونەکاندا زۆرترین بڵاوبوونەوەیان هەیە و لە ئێستادا باوترن.
بەپێی داتاکان، لە کۆتایی مانگی شەشی ئەمساڵ، جۆرەکانی XFG و XFG.3 نزیکەی 40%ی کۆی تووشبووانی کۆڤید-19یان لە بریتانیا پێک هێناوە، لەکاتێکدا لە مانگی 5ـی رابردوودا رێژەکە تەنیا 10% بووە.
ڤایرۆسی "ستراتۆس" وەشانێکی نوێی کۆڤیدی ئۆمیکرۆنە، کە زۆر خێرا بڵاودەبێتەوە و لە تێکەڵبوونی دوو جۆری زۆر خێرای کۆڤید-19 بەناوەکانی LF.7 و LP.8.1.2 دروست بووە.
شارەزایانی تەندروستی هۆشدارییان داوە لەوەی "ستراتۆس" لەوانەیە لە جۆرەکانی پێشووتر زیانی زیاتر و خێراتر بێت لە بڵاوبوونەوە، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی تێیدا روودەدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.