Erbil 31°C شەممە 12 تەمووز 03:23

فرۆشی كۆمپانیای تێسلا بەڕێژەی 13.5% دابەزیوە

کوردستان TV
100%

 فرۆشی جیهانی ئۆتۆمبێلی كاره‌بایی تێسلا لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی 13.5% دابەزیوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کێبڕکێیەکان لەم کەرتەدا چڕتر بووەتەوە و کاردانەوەکانی گرژی نێوان ئیلۆن ماسک بەڕێوەبەری جێبەجێکار و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر بازاڕی جیهانی تێسلا.

کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێسلا ئەمڕۆ چوارشەممە لە ماڵپەڕی خۆیدا رایگەیاندووە: لەنێوان مانگەکانی نیسان و حوزەیرانی ئه‌مساڵدا 384 هەزار و 122 ئۆتۆمبێلی گەیاندووەتە کڕیاران له‌ بازاڕی جیهانیدا، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 443 هەزار و 956 ئۆتۆمبێلی گەیاندبووە کڕیاران.

پێشبینی شارەزایان بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی تێسلا له‌ئەمساڵدا لە دەوروبەری 385 هەزار ئۆتۆمبێل بووە، بەڵام دواتر پێشبینییەکان 355 هەزار و 360 هەزار ئۆتۆمبێل بوون.

لە یاداشتێکدا به‌رپرسانی "تێسلا" بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، نزیکەی 373,728 ئۆتۆمبێلی مۆدێل Y/3 فرۆشراون بە بەراورد بە چاوەڕوانییەکانی بازاڕ کە 367,100 ئۆتۆمبێل بووە. هه‌روه‌ها فرۆشی مۆدێلەکانی دیکە لە چاوەڕوانییەکان کەمتر بووە (10,394 لە بەرامبەر 15,900 چاوەڕوانکراو).

ئاماژەی بەوەشکردووە "دوای چەند چارەکێک لە لاوازییەکی بەرچاو لە چین لەنێو کێبڕکێیەکی تونددا لە بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، تێسلا لە مانگی حوزەیراندا سەرلەنوێ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێک فرۆشی بۆ یەکەمجار لە ماوەی هەشت مانگدا بەرزبووەتەوە.

سەبارەت بە بەرهەمهێنان، کارگەکانی تێسلا هەمان ئاستی ساڵی پێشوویان پاراستووە، لەنێوان مانگەکانی نیسان و حوزەیرانی ئه‌مساڵدا 410 هەزار و 244 ئۆتۆمبێل لە هێڵی کۆکردنەوە ڕۆیشتوون.

ئاژانسی هه‌واڵی جیهانی "فرانس پریس" رایگه‌یاندووه‌: تێسلا چەند مانگێکە ڕووبەڕووی فرۆشی خاو بووەتەوە له‌ پشكه‌كانیدا.

جگه‌ له‌وه‌ رووبەڕووی پاشەکشە (لەوانەش تێکدان و بانگەوازی بایکۆت و ناڕەزایەتی) بووەتەوە لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە، لە کاتێکدا تێسلا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زاڵ بوو بەسەر بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی له‌ جیهاندا، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2025 فرۆشی لە ئەوروپا نزیکەی بۆ نیوە دابەزیوە به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو.

بەپێی ئەو ئامارە فەرمیانەی لە کۆتایی مانگی حوزەیران بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی تێسلا کە لە یەکێتی ئەوروپا تۆمارکراون، لە مانگی ئایاردا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمتر ماونەتەوە و نەیانتوانیوە سوود لە گەشەسەندنی بەرچاوی بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی وەربگرن.

جیهان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.