Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 19:25

ئێران بۆ داخستنی گەرووی هورمز ئامادەکاریی کردبوو

کوردستان TV
100%

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکی ڕایگەیاند هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی جەنگی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل، ئامادەکارییان کردبوو بۆ ئەوەی لە ڕێگای مینی دەریاییەوە گەرووی هورمز دابخەن.

ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکییە کە بە هۆی نهێنی بوونی زانیارییەکانیانەوە ناوەکەیان ئاشکرا نەکراوە پشتڕاستیشیان کردووەتەوە، زانیارییە سەربازییەکانی ئەمریکا دەریدەخەن، کۆماری ئیسلامیی ئێران مینە دەریاییەکانی لەسەر کۆمەڵێک کەشتی و بەلەم سوار کردبوو بەڵام لە گەرووی هورمز جێگیری نەکردن.

ڕۆیتەرز ڕاشیگەیاندووە ئەم کارەی ئێران دەسەڵاتدارانی ئەمریکای زۆر نیگەران کردبوو. بەم حاڵەش بە گوتەی دوو بەرپرسە ئەمریکییەکە، ڕەنگە ئەم کارەی ئێران بۆ فریودانی وڵاتانی جیهان بووبێ بە مەبەستی گوشارخستنە سەر ئەمریکا بۆ ڕاگیرانی جەنگ، بە بێ ئەوەی بە ڕاستی بەنیازی داخستنی گەرووی هورمز بووبێ.

دوو ڕۆژ بەر لە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، پەرلەمانی ئێران بڕیاری داخستنی گەروی هورمزی پەسند کرد، بەڵام ڕاشیانگەیاند بڕیاری کۆتایی لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پەسندکراوە لە دەست ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێراندایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە بیست ساڵە هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات بەڵام تا ئێستا ئەم هەڕەشەیەی بە کرداری جێبەجێ نەکردووە.

گەرووی هورمز یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییە بازرگانییەکانی جیهانە کە 25٪ی کۆی نەوتی هەناردەکراوی جیهان بەم ڕێڕەوەدا تێدەپەڕێت  کە ئەمەش 80٪ی نەوتی وڵاتانی کەنداو و زیاتر لە 40٪ی کۆی ئەو نەوتەیە بە کەشتی و لە ڕێگای دەریاوە هەناردە دەکرێت و هەر جۆرە داخستنێکی، دەتوانێ بازاڕی وزەی جیهان تووشی قەیرانی گەورە بکات.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.