Erbil 31°C شەممە 12 تەمووز 04:05

لابوبو ئەو بووکەڵە نامۆ و ترسناکەی جیهانی داگیر کردووە

کوردستان TV
100%

بووکەڵەیەکی شێوە نامۆ بە ناوی (لابوبو) بووەتە دیاردەیەکی جیهانی و سەرنجی ملیۆنانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، ئێستا لە جیهاندا بە یەکێک لە پڕفرۆشترین بەرهەمەکان دادەنرێت.

لە دیاردەیەکی سەیردا کە جیهانی گرتووەتەوە، بووکەڵەیەک بە ناوی (لابوبو) بووەتە جێی سەرنجی گەورە و بچووک، ئەم بووکەڵەیە کە شێوەیەکی نامۆ و رووخسارێکی شیرین و ترسناک لە یەککاتدا تێکەڵ دەکات، لە ماوەیەکی کەمدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی داگیر کردووە.

لابوبو لە بنەڕەتدا لە ساڵی 2015 لەلایەن هونەرمەندێکی خەڵکی هۆنگ کۆنگ (کاسینگ لونگ) لە کتێبێکی وێنەداردا داهێنرا، کە بیرۆکەکەی لە ئەفسانە ئەسکەندەنافییەکانەوە وەرگرتبوو، بەڵام ناوبانگی ڕاستەقینەی لە ساڵی 2025 لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکەوە تەقییەوە.

کۆمپانیای چینی (پۆپ مارت) بە شێوازێکی زیرەکانە دەستی بە فرۆشتنی کردووە، ئەویش لە رێگەی سندووقی داخراو (Blind Boxes)ـەوەیە، کە کڕیار نازانێت کام شێوەی بووکەڵەکەی بەردەکەوێت، ئەم شێوازە حەزی کۆکردنەوەی لای خەڵک دروست کردووە و وای کردووە نرخی هەندێک لە دانە دەگمەنەکانی لە بازاڕی ڕەشدا بگاتە زیاتر لە 1500 دۆلار.

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش خواستێکی زۆر بۆ بووکەڵەی لابوبو هەیە، منداڵ و گەورە داوای دەکەن و نرخی هەر بووکەڵەیەک زیاتر لە 15 هەزار دینارە.

بڵاوبوونەوەی لابوبو تەنیا لە بواری بازرگانیدا نەوەستاوەتەوە، بەڵکو گەیشتووەتە ناو یارییە ڤیدیۆییە بەناوبانگەکانی وەک (ماینکرافت)، هەروەها بووەتە بابەتی سەرەکیی ڤیدیۆکانی کردنەوەی سندووق لە یوتیووب کە زیاتر ناوبانگەکەی بەهێز کردووە.

هونەرمەندان و چالاکوانانیش ئەم بووکەڵەیەیان بۆ دەربڕینی پرسە کۆمەڵایەتییەکانی وەک گۆشەگیری و دڵەڕاوکێ بەکار هێناوە، بەمەش ڕەهەندێکی کولتووری و فیکرییان پێ بەخشیوە کە لەوە تێدەپەڕێت تەنها بووکەڵەیەک بێت.

کولتوور و هونه‌ر هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.