ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی تەمووز، لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگاکانی کوردستان کۆبوونەوە و بەپێی نرخی سووتەمەنی، نرخی کاتژمێری کارەبایان دیاری کرد.
هەکاری هرووری، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە دیجیتاڵ میدیای "کوردستان تیڤی"ی ڕاگەیاند: نرخی یەک ئەمپێر کارەبا لە شاری دهۆک بە 10 هەزار و 250 دینارە، کاتژمێرەکانی کارکردن 255 کاتژمێرە، بۆ هەر کاتژمێرێک بڕی 40 دینار هەژمار کراوە.
خۆران خۆرانی سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلیەکانی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: "لە هەولێر نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان لە نێوان 6 هەزار و 250 بۆ 13 هەزار و 500 دینارە بە گوێرەی کاتژمێری کارکردن، کاتژمێرەکانی کارکردن لە سنوور هەولێر لە نێوان 155 کاتژمێر بۆ 225 کاتژمێر بووە و نرخی هەر کاتژمێرێک کارەبا بە بڕی 40 دینار هەژمار کراوە".
لە سلێمانیش نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان لە نێوان 7 هەزار و 750 بۆ 9 هەزار دینارە بە گوێرەی کاتژمێری کارکردن، کاتژمێرەکانی کارکردن لە سنوور سلێمانی لە نێوان 190 کاتژمێر بۆ 230 کاتژمێر بووە و نرخی هەر کاتژمێرێک کارەبا بە بڕی 40 دینار هەژمار کراوە.
بەپێی خشتەی کارپێکردنی موەلیدە ئەهلیەکان لە تەواوی سنوورەکان کارەبا 24 کاتژمێری دەبێت بەهەماهەنگی لەگەڵ کارەبای نیشتیمانی.
پرۆژەی رووناکی بەشێکی زۆر لە موەلیدە ئەهلییەکانی کوژاندووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ساڵ لە هەرچوار پارێزگا کارەبای 24 کاتژمێری دابین بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.