سەرپەرشتیاری گومرگی سەوزە و میوەی هەولێر دەڵێت، 90٪ بەروبوومەکانمان خۆماڵین و لە ئایندەیەکی نزیکدا پەتاتە هەناردەی چەند وڵاتێکی کەنداو دەکەین.
رۆژی سێشەممە 1ـی تەمووز، دانا عەزیز سەرپەرشتیاری گومرگی سەوزە و میوەی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: "90٪ بەروبوومی سەوزە و میوە خۆماڵین و رێژەیان هێندە زۆرە هەناردەی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیان دەکەین".
دانا عەزیز سەبارەت بە جۆرەکانی میوە لە گومرگی هەولێر گوتی، بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هەموو جۆرەکانی میوە لای ئێمە نییە و هەندێکیشیان ئەمساڵ بەپێی پێویست نەبوون، بۆیە ناچاربووین هەندێک میوە هاوردە بکەین".
سەرپەرشتیاری گومرگی سەوزە و میوەی هەولێر باس لەوە دەکات کە، ساڵانی رابردوو بۆ هەناردەکردنی بەروبوومەکان بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق، لە بازگەکانی عێراق ئاستەنگیان بۆ دروستدەبوو و دەشڵێت؛ "ئێستا پێشوازیمان لێدەکرێت و رێژەیەکی زۆر لە بەروبوومی خۆماڵی دەگەیەنینە ناوچەکانی عێراق".
نرخی سەوزە و میوەی خۆماڵی لە گومرگی هەولێر زۆر دابەزیوە و کیلۆیەک تەماتە لە 200 دینار دەست پێ دەکات بۆ 500 دینار، پەتاتە کیلۆی لە 200دینارەوە دەست پیدەکات بۆ 250 دینار و وەک بەڕێوەبەری گومرگەکەش ئاماژەی پێدەدات؛ "بەرهەمی پەتاتە گەیشتووەتە 750 هەزار تۆن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی وڵاتانی کەنداو دەکرێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.