سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بڕینی هاوکارییەکانی حکوومەت بۆ کۆمپانیاکانی ئیلۆن ماسکی کرد و ڕایگەیاند بەبێ ئەو هاوکارییانە، ماسک دەبێ کۆمپانیاکانی دابخات و بگەڕێتەوە بۆ ئەفریقای باشوور.
ڕۆژی سێشەممە 1ـی تەمموز، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس بڵاوی کردەوە؛ ''ئیلۆن زیاتر لە هەموو کەسێک لە مێژوودا یارمەتیی لە حکوومەت وەردەگرێت، بەبێ ئەو یارمەتییانە دەبێ کۆمپانیاکانی دابخات و بگەڕێتەوە بۆ ئەفریقای باشوور''.
ترەمپ بە ئاماژەکردن بەوەی، بە گەڕانەوەی ئیلۆن ماسک بۆ ئەفریقا "ئیتر هەڵدانی مووشەک و مانگی دەستکرد و دروستکردنی ئوتۆمبێلی کارەبایی کۆتایی دێت و ئەمریکا پارەیەکی زۆری بۆ دەگەڕێتەوە" نووسیویەتی: "ڕەنگە پێویست بێ داوا لە 'فەرمانگەی کارامەیی حکوومەت' بکەم بە شێوەیەکی ڕژد لەم بابەتە بکۆڵێتەوە. پارەیەکی زۆر بەڕێگاوەیە".
ئەم هەڕەشانەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە ئیلۆن ماسک گەورە ملیاردێڕی ئەمریکی، لە توێتێکدا ڕەخنەی لە پڕۆژەیاسای کەمکردنەوەی باج و خەرجییەکان گرت و بە ئاماژەکردن بەوەی "ئەمریکا پێویستی بە بەدیلێک بۆ قۆرخکاریی دوو حزبی هەیە"، هۆشداریی دا: ''ئەگەر پڕۆژەیاسای خەرجییەکان تێپەڕێنڕێت، ڕۆژی دواتر دامەزراندنی پارتی 'ئەمریکی' ڕادەگەیەنێت".
بە گوتەی ئیلۆن ماسک، "ئەم پڕۆژەیاسایە شێتانەیە و ئەوانەی لە هەڵبژاردندا بانگەشەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان دەکرد، بە تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژەیاسایە، قەرزەکانی حکوومەتی ئەمریکا 5 ترلیۆن دۆلار زیاد دەکەن."
ئیلۆن ماسک لە دوای هەڕەشەکەی دۆناڵد ترەمپیش و لە تویتێکی دیکەدا نووسیی: "من ئێستا بە ڕاستی پێتان دەڵێم، هەموو شتێک ببڕن، هەر ئێستا!"
پاش چەند حەفتە بێدەنگی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن ماسکدا، گرژییەکانی نێوانیان بە هێرشەکانی ماسک لە ڕۆژانی شەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە بۆ سەر پڕۆژەیاسای کەمکردنەوەی باج و خەرجییەکانی حکوومەت و زیادکردنی بودجەی بەرگری و ئاسایشی سنوورەکان دەستی پێ کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.