قایمقامی قەزای مەخموور دەڵێت، هاوولاتییانی سنووری مادەی 140 دەتوانن داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتنی قەرەبووی 10 ملیۆن دیناری لە قەزاکە پێشکەش بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی حوزەیران، رزگار محەمەد قایمقامی قەزای مەخموور بە کارزان کاکل، پەیامنێری کوردستان تیڤی راگەیاند؛ لە ئەمڕۆوە هاووڵاتییانی سنووری مادەی 140 دەتوانن داواکاری لە لێژنەکان مادەی 140ـی پارێزگای نەینەوا لە مەخموور پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنی قەرەبووی 10 ملیۆن دینار.
قایماقامی مەخموور لەبارەی چۆنیەتیی قەرەبووکردنەوەکە روونکردنەوەیدا و گوتی: ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بەر تەعریب یان راگواستنەوە کەوتوون.
رزگار محەمەد دەڵیت، پێشتر هاووڵاتییان دەبوایە سەردانی نەینەوا بکەن بۆ رادەستکردنی داواکارییەکانیان، بەڵام دوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ سیروان رۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگای نەینەوا، بڕیار درا لیژنەیەک بۆ ناحیە و قەزاکان دابین بکرێت بۆ وەرگرتنی داواکاری.
سەبارەت بەو کەسانەی تا ساڵی 2008 لە لێژنەی شنگال لە قەزای شێخان داواکارییان پێشکەش کردبوو، قایمقامی مەخموور رایگەیاند؛ ئێستاش هەمان لێژنەیە، بەڵام ناوەکەی گۆڕاوە بۆ لێژنەی ماددەی 140ـی نەینەوا.
هاوکات لە بارەی ئەو کەسانەش کە پێش 2014 داوای قەرەبووی مادەی 140ـیان کردوە رزگار محەمەد دەڵێت؛ ئەوانیش دەتوانن سەردانمان بکەن و داواکاری پێشکەشبکەنەوە، بەڵام ئەو کەسانەی بەم دواییانە مامەڵەیان کردووە یان دەیانەوێت لە ئێستا دا داواکاری پێشکەش بکەن، ئاگادار کراوینەتەوە کە داواکارییەکانیان وەرنەگیرێت.
لێژنەی مادەی 140ـی پارێزگای نەینەوا چەند مەرجێکی داناوە بۆ هاووڵاتییانی سنووری مادەی 140 ئەوانە بریتین لە:
1- ئەو کەسانەی لەدایکبووی دوای ساڵی 1975ـن، پێویستە بەڵگەنامەی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆیان بهێنن و ئەو کەسەی هاوسەرگیری کردووە، دەبێت موالیدی لە نێوان 1976 بۆ 2003 بێت.
2-دەبێت خاوەن داواکاریی یان باوکی داواکار، لە سەرژمێری ساڵی 1957 لە مەخموور بووبێت.
3- دەبێت سەرۆکی خێزان داواکاری پێشکەش بکات، ئەگەر لە ژیان نەمابێت یەکێک لە میراتگرەکانی دەتوانن پێشکەشی بکەن.
4- دەبێت کارتی نیشتیمانی ئەندامانی خێزانەکە لەگەڵ خۆی بهێنێت لەگەڵ دوو وێنەی سەرۆک خێزان.
5- دەبێت وێنەیەک لە کارتی دەنگدان پێشکەش بکات
6- دەبێت وێنەیەک لە کارتی نیشتەجێبوون و پسوولەی خۆراک پێشکەش بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.