ئێران بڕیاری داوە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە دەستڕاگەیشتن بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بێبەش بکات و کامێراکانی چاودێریش لەو دامەزراوانە لابدات.
ئەمڕۆ شەممە 28ـی حوزەیران، حەمیدرەزا حاجی بابایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە میانی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازی و زانایانی ئەتۆمیی وڵاتەکەیدا، کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیلدا کوژرابوون رایگەیاند: بەهۆی دەستڕاگەیشتنی ئیسرائیل بە زانیاریی هەستیاری دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پارێزراو بوون، ئێران بڕیاری داوە کامێراکانی چاودێری لەو دامەزراوانە لابدات.
پێشتر ئێران رێگەی بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دابوو سەردان و پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بکەن و کەلوپەلی پێشکەوتووی چاودێری بەکاربهێنن، کە ئەمەش بەشێک بوو لە پابەندبوونە سەرەکییەکانی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 لەگەڵ فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا. بەڵام ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2018ـدا لەو رێککەوتنە کشایەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.