بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی هۆكاری دەستگیركردنی بەشێك لە رێكخەرانی خۆپیشاندان و خەڵكانی ناڕازی ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت كە بۆ پاراستنی گیانی ئەوان بووە.
ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە "پارێزگای سلێمانی هەمیشە مەڵبەندی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی خۆپیشاندان و ئازادیی کار و چالاکیی سیاسیی بووە، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیش شانازی بەوەوە دەکەن کە هەرگیز لە هیچ هەوڵێک درێخییان نەکردوە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی لە چین و توێژە جیاوازەکان".
راشیگەیاند "لەم ماوەیەدا بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە زەمینەلەبار نییە بۆ خۆپیشاندان، ئێستاش بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر هاووڵاتییان و خەڵکی ناڕازی بەپێویستی دەزانین و رای بگەیەنین كە لە رۆژانی رابردوودا بە وردی ئاگاداری پیلانی دەستێکی گێرەشێوێن بووین کە بەنیازبوون خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویستی سلێمانی وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیری پارێزگاکەمان و لە رێگەی گێرەشێوێنییەوە لەناو خۆپیشاندەران و داواکارانی هەق، مەرامە سیاسییەکانی خۆیان بەدی بهێنن".
ئاسیشی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەكات "بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانگێڕییە، بە داخەوە ناچاربووین لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان دەستگیر بکەین کە هیچ ئاگاداری پیلانگێڕییەکە نەبوون و ئامانجی ئێمەش لە دەستگیرکردنیان تەنها پاراستنی گیانی ئەوان و خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بوو بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەبێتە قوربانی".
جەختیش دەكاتەوە "لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی ئێمە زۆر بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا کردووە، بەڵام بە پێویستی دەزانین داوای لێبوردنیان لێ بکەین و دڵنیایان بکەینەوە کە ئەم هەوڵەمان تەنها بۆ پاراستنی خۆیان بووە و پاراستنی ئارامی شار".
ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەنراوەكەدا راشیگەیاند "هاووڵاتییانی بەڕێزیش ئاگادار دەکەینەوە کە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان وەک هەموو موچەخۆرانی بەڕێز ناڕازین لە دواکەوتن و نەناردنی مووچە و دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ هەموو دەنگە ناڕازییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی هێزە ئەمنییەکان پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ژیانی هاووڵاتییانە و بە دڵنیاییەوە لەم بوارەشدا لە هیچ هەوڵێک درێخی ناکەین".
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەش دەكات "جارێکی دیکە هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە سلێمانی وەک هەمیشە مەڵبەندی ئازادییەکان دەمێنێتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش پارێزەری ئازادی و سەربەستی هاووڵاتییانن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.