Erbil 31°C ھەینی 03 تەمووز 06:08

ترەمپ: گاڵتەجاڕیی دادپەروەری بەرانبەر بە نەتانیاهۆ قبوڵ ناکەین

کوردستان TV
100%

دۆناڵد ترەمپ داوای کرد دادگاییکردنی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی "دەستبەجێ" هەڵبوەشێنرێتەوە و دادگاییکردنەکەشی بە "ڕاوی جادووگەران" ناوبرد.

سەرۆکی ئەمریکا، لە زنجیرەیەک پۆستدا لەسەر پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"، ستایشی نەتەنیاهۆی کرد و بە "پاڵەوانێکی گەورە" ناوی برد. جەختیشی کردەوە کە ئەو شایانی "زۆر لەوە باشترە".

ترامپ ئاماژەی بەوە کرد خۆی و نەتەنیاهۆ "پێکەوە بەناو دۆزەخدا تێپەڕیون" و "سەرکەوتنێکی گەورەیان" لە دژی ئێران بەدەست هێناوە، کە بە "دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیل" وەسفی کرد.

سەرۆکی ئەمریکا، کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ نەتەنیاهۆدا هەیە، وتی: "هیچ کەسێک لە مێژووی ئیسرائیلدا وەک نەتەنیاهۆ بەهێزەوە نەجەنگاوە" و بانگهێشتکردنی بۆ دادگای بە "ڕاوی جادووگەران" وەسف کرد، کە زاراوەیەکە بۆ وەسفکردنی هەڵمەتی چەوساندنەوەی سیاسی بەکاردێت.

بە گوتەی دۆناڵد ترەمپ: "پێویستە ئەو سکاڵایەی لە دژی بنیامین نەتەنیاهۆ بەرزکراوەتەوە دەستبەجێ هەڵبوەشێنرێتەوە، یان لێخۆشبوون بە پاڵەوانێکی گەورە ببەخشرێت کە زۆری بۆ وڵاتەکەی کردووە."

هەروەها بەڵێنی دا ئەمریکا هاوکاریی نەتەنیاهۆ دەکات و وتی: " ئەمریکا وڵاتی ئیسرائیلی ڕزگار کرد و ئێستا بنیامین نەتەنیاهۆش ڕزگار دەکات، ئەم گاڵتەجاڕییەی دادپەروەری قبوڵنەکراوە."

بنیامین نەتانیاهۆ، لە لایەن دادگاکانی ئیسرائیلەوە ڕووبەڕووی چەندین تۆمەتی گەندەڵی، بەرتیل و خراپ بەکارهێنانی پلە و پۆست بووەتەوە و لە چوارچێوەی دۆسیەکانی ناسراو بە "1000"، "2000" و "4000"دا، دادگاییکردنەکەی لە ساڵی 2020ەوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام نەتەنیاهۆ هەموو تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە و بە "هەڵمەتێکی سیاسی بۆ لەکەدارکردنی" ناوی دەبات.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.