بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی، شارەزایەكی كەشناسی ئامۆژگاریی هاووڵاتییان دەكات تا پێیان دەكرێت لە ماڵ نەچنە دەرەوە، ئەگەریش ناچار بوون چاویلكە و چەتر بەكاربهێنن.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایگەیاند: لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە شەپۆڵێكی گەرمای بەتینی هاوین ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، سبەی پێنجشەممە پلەکانی گەرما 2 پلەی بەرزدەبنەوە.
راشیگەیاند: کاریگەری شەپۆڵەکە لە ڕۆژانی هەینی و شەممە و یەکشەممەی داهاتوو زیاتر دەبێت و پلەکانی گەرما تا ڕۆژی دووشەممە هەر به بەرزی دەمێننەوە.
هەروەها رایگەیاند: لە کاتەکانی پێش نیوەڕۆ بۆ ئێوارە تیشکی سەرووی وەنەوشەیی ڕێژەکەی بەرز دەبێت و کەشێکی گەرم دروست دەبێت، بۆ خۆپاراستن لە کاریگەری ئەو تیشکە لە ماڵ مەچنە دەرەوە تا دوای عسر، ئەگەریش چوونە دەرەوە باشتر وایە چاویلکە و چەتر بەکاربهێنن.
شارەزاكەی كەشناسی ئاماژەی بەوەش دا كە ناوچەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان بەتایبەت شارۆچكەی خانەقین و کەلار و مەیدان گەرمترین شوێنی هەرێمی كوردستان دەبێت و پلەكانی گەرما تێیاندا 47 و 48 پلە دەبێت، هەروەها فێنكترین شوێنیش حاجی ئۆمەران لە هەولێر دەبێت كە پلەكانی گەرما تێیدا 26 و 27 دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.