رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و ئابووری، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) رایگەیاند، ئەمەی ئێستا لە بەغداوە دەکرێت، کارتێکی فشاری سیاسییە دژی گەل و خەڵکی هەرێمی کوردستان.
لەبارەی بودجە و مووچەوە، رێباز حەملان ئاماژەی بەوە کرد: ساڵانی ڕابردوو بە فرۆشتنی نەوت و داهاتی خۆمان مووچەی فەرمانبەرانمان دابەش کردووە، بەڵام بۆ ماوەی دوو ساڵە فرۆشتنی نەوت راگیراوە، بۆیە زیانی 25 ملیار دۆلار بە عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتووە.
هەروەها گوتی "بەداخەوە، خەڵکانێک لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەن کە لە نەیارەکان زیاتر دژایەتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن".
ڕێباز حەملان زیاتر گوتی "حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو تێبینی و داواکارییانەی جێبەجێ کردووە کە لەبارەی لیستی مووچە، داهات و نەوتەوە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە هەبوون".
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانیش، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارە بە زووترین کات شاندێک لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و گفتوگۆ بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان بکرێت و بتوانرێت بە زووترین کات مووچەی مانگی پێنج و شەش دابەش بکرێت.
ڤیدیۆ: دەقی لێدوانەكەی رێباز حەملان بۆ (كوردستان تیڤی):-
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.