Erbil 31°C ھەینی 09 تشرینی یەکەم 02:35

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان خرایەڕوو

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەسپێشخەری سەرۆک دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات تایبەت بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و وەستانی شەڕ و پشتیوانی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا دەکات لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لە ڕاپۆرتێکدا هەڵسەنگاندنێکی بۆ بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بە تایبەتی دوای ئەوەی بە بڕیارێکی نادەستووری و نایاسایی و بە شێوەیەکی ناڕەوا وەزیری دارایی فیدراڵ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڕی.

وەزیری دارایی و ئابووری لە ڕاپۆرتەکەدا، بە وردی و بە زانیاری و ژمارە خشتەی داهات و خەرجیییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی دارایی 2025 لە 2025/1/1 تاوەکوو 2025/6/20 خستەڕوو، لە خشتەی داهاتەکاندا سەرچاوەی داهاتەکانی هەرێمی کوردستانی ڕوونکردەوە و لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی و ئابووری، داتا و ژمارەکانی خشتەی خەرجی مانگانەی مووچە و بەرکاربردن و پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی خستەڕوو و ئاماژەی دا بەوەی کە مانگانە سەرجەم ئەم داتا و ژمارانە لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراون و لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێم بە شێوەیەکی وەرزی، پێداچوونەوە و وردبینیان بۆ کراوە. لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەش چەند پێشنیارێک خرانەڕوو بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاربردنی وەزارەتەکان، بە ئاراستەی ئەوەی کاری لە پێشینە بۆ دابینکردنی شایستەکانی مووچەخۆران بێت کە پێشەنگی بایەخی حکوومەتی هەرێمە.

پاشان سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێزانینی بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژی مووچەخۆران و خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەربڕی کە بە هۆی نەناردنی شایستە داراییەکانیان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە لە دۆخێکی دارایی سەختدان و ئەنجوومەنی وەزیران تێگەیشتنی تەواوی بۆ بارودۆخی ناهەمواری هاووڵاتیيان هەیە کە بەهۆی ئەم ڕێکارە ناڕەوایانەوە، بەڵام دڵنیاییشی دا کە هەموو هەوڵێک دەدەین مافەکانیان نەفەوتێ و لە گفتوگۆکانیش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا بگەینە چارەسەرێک بۆ کێشەی مووچە کە بە ڕێکارێکی نادەستووری، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا کە دژ بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیشە. سەرۆک وەزیران ڕوونی کردەوە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بڕیارە شاندێکی حکوومەتی فیدڕاڵ لەم ڕۆژانە سەردانی هەولێر بکات.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر کارکردنی بەردەوام لەپێناوی دابینکردنی مووچە و شایسەتە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجوومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ بە ئاڕاستەی گەیشتن بە لەیەکترگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئەم بابەتە.

ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپات دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەجێگەیاندووە و پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و وەک مافێکی شایستە بە مووچەخۆران بە دووری بگرێت لە هەر ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا، هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە دەستپێشخەری سەردانی شاندی حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات بۆ هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی وەزیری دارایی وئابووریش، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر گرنگی پێداچوونەوە بە داهات و خەرجییەکان بە شێوەیەکی گشتی و ڕێکخستنەوەیان بە جۆرێک کە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، كاری لەپێشینەی سیاسەتی دارایی گشتیە لە هەرێم. هەروەها جەخت لە گرنگیی ڕێکخستنەوەی خەرجی بەکاربردن و نەسرییەی وەزارەت و دامودەزگاکان و پێداچوونەوە بە بوارەکانی ئەم خەرجییانە کرا، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەک ڕاسپێردرا کە بە هامەهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، پێداچوونەوانە بە داهات و خەرجی بەکاربردنی وەزارەت و دامودەزگاکان بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.