دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە لوتکەی ناتۆ لە لاهای ڕایگەیاند، هێرشە سەربازییەکانی کۆتایی هەفتەی پێشوو بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران 'قورس و کاولکەر' بوون و بەرنامەکەیان چەندین دەیە بۆ دواوە بردووە. لە هەمان کاتدا، دانی بەوەدا نا کە زانیارییە هەواڵگرییەکان لەبارەی وردەکاریی زیانەکانەوە 'یەکلاکەرەوە نین'.
ترامپ لەبەردەم ڕۆژنامەنووسان و لە تەنیشت مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، هێرشەکەی سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بە هێرشەکانی سەر هێرۆشیما و ناکازاکی شوبهاند و وتی: "ئەو هێرشە کۆتایی بە جەنگەکە هێنا. ئەگەر ئێمە ئەوەمان لەناو نەبردایە، ئەوان ئێستا شەڕیان دەکرد."
مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، ستایشی ترامپی کرد و ڕایگەیاند: "شتە هەرە باشەکە ئەوەیە ئێوە توانای ئەتۆمیی ئێرانتان لەناوبرد. ئەمە پەیامێکی گرنگە بۆ هەموو جیهان کە ئەم سەرۆکە پیاوی ئاشتییە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات، ئامادەیە هێزە زەبەلاحەکەی سوپای ئەمریکا بەکاربهێنێت.
پێشتر مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەبارەت بە قەبارەی زیانەکانی هێرشەکەی ئەمریکا گوتبووی: "دامەزراوەی گۆڕینی یۆرانیۆم، کە بەبێ ئەو چەکی ئەتۆمی دروست ناکرێت، تەنانەت ناتوانین شوێنەکەی لەسەر نەخشە بدۆزینەوە، چونکە بە تەواوی سڕاوەتەوە... هەرچی لەژێر ئەو شاخەدا بووە، لە دۆخێکی خراپدایە".
لە لایەکی دیکەوە پیت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو: "بە لەبەرچاوگرتنی ٣٠ هەزار پاوەند تەقەمەنی، کاولکارییەکی گەورە لەژێر فۆردۆدا ڕوویداوە. هەر هەڵسەنگاندنێک پێچەوانەی ئەمە بڵێت، پاڵنەرێکی سیاسیی لە پشتەوەیە".
ئەم لێدوانانەی ترەمپ و وەزیرەکانی لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتێکی دزەپێکراوی ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا (DIA) ئاماژەی بەوە دابوو کە هێرشەکان تەنها بۆ چەند مانگێک بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان دواخستووە، ئەمەش پێچەوانەی لێدوانەکانی ئیدارەی ترامپ بوو کە جەختیان لە "لەناوبردنی تەواوەتی" دەکردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.