سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند گومانەکانی سەبارەت بە پابەندبوونی سەرۆکی ئەمریکا بە پەیماننامەی ناتۆ ڕەویوەتەوە و ئێستا دڵنیایە ئەمریکا بەرگری لە هەموو ئەندامانی ناتۆ دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی حوزەیران، مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە میانەی بەشداریکردنی لە لوتکەی ناتۆ کە لە شاری لاهای بەڕێوە دەچێت ڕایگەیاند: گومانەکانی لەبارەی پابەندبوونی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە بەرگریی هاوبەشەوە، ڕەواندەوە و بە تەواوی دڵنیایە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرگری لە هەر ئەندامێکی هاوپەیمانێتییەکە دەکات ئەگەر ڕووبەڕووی هێرش ببێتەوە.
ڕووتە لە پەڕاوێزی لوتکەی لاهایدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "بە لای منەوە، ڕوونییەکی تەواو هەیە لەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تەواوی پابەندە بە ناتۆوە و بە تەواوی پابەندە بە ماددەی پێنجەمەوە."
ماددەی 5 بە دڵی پەیماننامەی ناتۆ دادەنرێت، کە تێیدا هاتووە: "هێرشکردنە سەر یەک ئەندام، بە هێرشکردنە سەر هەمووان دادەنرێت."
لێدوانەکەی سکرتێری گشتیی ناتۆ کە هەوڵێکە بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و نیشاندانی یەکڕیزیی هاوپەیمانان لەبەرامبەر هەڕەشەکاندا، لە کاتێکدایە کە ترەمپ پێشتر بە وتنی "چەندین پێناسە بۆ ماددەی ٥ هەیە"، نیگەرانیی لەنێو ئەندامانی ناتۆدا دروست کردبوو دروست کردبوو.
سەرۆکی ئەمریکا وتبووی لە لووتکەکەدا پێناسەی خۆی بۆ ئەو بڕگەیە دەخاتەڕوو و جەختی لەوە کردبووەوە کە "پابەندە بە پاراستنی ژیانەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.