Erbil 31°C ھەینی 09 تشرینی یەکەم 03:40

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناو نەچوون

کوردستان TV
100%

کەناڵی سی ئێن ئێن لەسەر زاری حەوت سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرای کرد، بە پێی لێکدانەوە سەرەتاییەکانی "ڕێکخراوی هەواڵگریی زانیاریی بەرگریی ئەمریکا" کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەم وڵاتەیە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئیران، ژێرخانە ئەتۆمییەکانی ئەم وڵاتەی لەناو نەبردووە و تەنیا بەرنامە ئەتۆمییەکەی چەند مانگێک دوا خستووە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە لە هێرشەکەدا بەشێک لە دامەزراوە ژیرزەمینییەکان زیانیان پێ گەیشتووە بەڵام بەشە سەرەکییەکان هەر وا لە جێی خۆیانن.

سی ئێن ئێن جەختیشی کردووەتەوە، لێکدانەوەی زیانەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەردەوامە و بە گەیشتنی زانیاریی زیاتر ڕەنگە ئەنجامی ئەم لێکدانەوەیە بگۆڕدرێ بەڵام ئەوەی تا ئێستا لەبەر دەستە، بە پێچەوانەی لێدوانی سەرۆکی ئەمریکایە کە گوتبووی دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بە تەواوی لەناو چوون.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای هەواڵگریی ئەم وڵاتەوە ڕایگەیاندووە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرنامەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتەی بۆ چەند ساڵ دوا خستووە بەڵام بە پێچەوانەی لێدوانەکانی ترامپ، نەیتوانیوە ئەم بەرنامەیە بە تەواوی لەناو ببات.

ئەو بەرپرسە باڵایە جەختیشی کردووەتەوە بەردەوام زانیاریی نوێ لەمبارەیەوە کۆ دەکرێتەوە و لێکدانەوەیەکی وردتر لە دۆخی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، لە هەفتەکانی داهاتوودا دەخرێتە ڕوو.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.