ئاژانسی میزان کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی حوزەیرانی 2025 ڕایگەیاند هەریەک لە "ئیدریس عالی"، "ئازاد شوجاعی" و "ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ" بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و گواستنەوەی کەلوپەلی تیرۆر بۆ ناو ئێران، لە بەندیخانەی ورمێ لە سێدارە دراون.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاشکرایان کردووە، "ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ" خەڵکی هەرێمی کوردستان و دوو کەسەکەی دیکەش خەڵکی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
ئەم سێ کەسە ساڵی 2024 بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل بۆ گواستنەوەی ئەو چەک و کەلوپەلانەی بۆ تیرۆرکردنی "موحسین فەخریزادە" بەکارهاتبوون، دەستبەسەر کرابوون.
موحسین فەخریزادە، جێگری پێشووی وەزیری بەرگریی ئێران و یەکێک لە بەرپرسانی سەرەکیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئەم وڵاتە، ساڵی 2020 لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری تاران تیرۆر کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.