راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان لەبارەی تێکچوونی دابینکردنی نەوت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەرهەمهێنەری سەرەکیی نەوتە.
سەرەتای ڕۆژی سێشەممە، 24ـی حوزەیران، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند؛ ئێران و ئیسرائیل گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست، نرخی جۆرەکانی نەوت لە مامەڵەکاندا بە خێرایی دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاست لە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکدا.
بەپێی داتاکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی خاوی برێنت تا کاتژمێر 3:30 بە کاتی گرینویچ، بڕی 2.08 دۆلار واتا بە ڕێژەی ٪2.9 دابەزی و گەیشتە 69.40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها، نرخی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێکساسی ئەمریکی بڕی 2.03 دۆلار واتا بە ڕێژەی %3.0 دابەزی و گەیشتە 66.48 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
دوێنێ دووشەممە،23ـی حوزەیران، ترەمپ ڕایگەیاند؛ ئیسرائیل و ئێران بە تەواوەتی لەسەر ئاگربەستێک ڕێک کەوتوون. ئەگەر هەردوو لا پابەندی کاتە دیاریکراوەکان بن، ئەوا جەنگەکە بە فەرمی دوای 24 کاتژمێر کۆتایی دێت و بەمەش کۆتایی بەو ململانێیە دێت کە 12 ڕۆژی خایاندبوو.
لەمبارەیەوە، پریانکا ساشدێڤا، شیکەرەوەی باڵای بازاڕ لە کۆمپانیای فیلیپ نۆڤا، ڕایگەیاند: "ئەگەر هەردوو لا وەک ڕاگەیەندراوە پابەندی ئاگربەستەکە بن، ئەوا لەوانەیە وەبەرهێنەران چاوەڕێی گەڕانەوەی نرخەکانی نەوت بکەن بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان."
وتیشی: "لە داهاتوودا، ڕادەی پابەندبوونی ئیسرائیل و ئێران بە بڕگەکانی ئاگربەستە ڕاگەیەندراوەکە، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دیاریکردنی نرخی نەوتدا."
ئێران سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاوە لە ڕێکخراوی ئۆپیکدا و کەمکردنەوەی گرژییەکان ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی نەوتی زیاتر هەناردە بکات و ڕێگری لە تێکچوون بکات کە ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت لە ڕۆژانی ڕابردوودا.
نرخەکانی نەوت لە کۆتایی مامەڵەکانی ڕۆژی پێشوودا بە ڕێژەی زیاتر لە 7٪ دابەزین، ئەمەش دوای ئەوە هات کە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیبوو و گەیشتبوونە بەرزترین ئاستیان لە ماوەی پێنج مانگدا، بەهۆی ئەو هێرشەی ئەمریکا کە لە سەرەتای هەفتەدا کرایە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و نیگەرانیی لەبارەی فراوانبوونی ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران دروست کردبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.