ئەمڕۆ دووشەممە 23ی حوزەیرانی 2025، هێرشی فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرانسەری ئێران بەردەوام بوو.
لە هێرشەکانی ئەمڕۆدا شەش فڕۆکەخانەی سەربازیی ئێران لە شارەکانی تەورێز، دێزفوول، هەمەدان، تاران، ئیسفەهان و مەشهەد بە ئامانج گیران و پازدە فڕۆکە و هەلیکۆپتەری جەنگی تەقێنرانەوە.
لە پایتەختی ئێران فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین شوێنیان لە ناو شاری تاران بە ئامانج گرت؛ لەوانەش دەروازەی سەرەکیی بەندیخانەی ئێڤین، بینایەکی تەلەفزیۆنی ئێران، ویستگەیەکی دابەشکردنی کارەبا، زانکۆی شەهید بەهەشتی (بەشی سەر بە وەزارەتی بەرگری) و ناوەندێکی فەرماندەیی سەربازی لە نزیک زانکۆی ئیمام سادق و چەندین شوێنی سەربازیی دیکەی سەر بە سوپای پاسداران و وەزارەتی بەرگری.
لە پارێزگای قوم لە باشووری تاران، بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ جارێکی دیکە لایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە بۆردومان کرا.
لە شاری کەرج لە ڕۆژئاوای تاران، چەندین تەقینەوەی گەورە لە بنکەی سەرەکیی سوپای پاسداران لە پارێزگای ئەلبورز ڕووی دا و بینای ناوەندیی فەرماندەیی سوپای پاسداران لەم پارێزگایە بە تەواوی وێران بوو.
لە شاری کرماشانی رۆژهەلاتی کوردستان، بنکەیەکی سەربازیی سوپای پاسداران لە نزیک گوندی حاجی ئابادی بێستوون، بە هۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە لەناو چوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.